Heman Hussein Yaseen
25 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
هەولێر - AA
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر رایگەیاند کە تا ئێستا لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی کردنەوەی ناوەندی ھەماھەنگیی ھاوبەش و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش و ھێڵی بەرگریی ھاوبەش، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هێشتا کۆبوونەوە و گفتوگۆکان بەردەوامن و لێکتێگەیشتن لەسەر چەند خاڵێک هەیە.
فەریق جەبار یاوەر لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، لەبارەی هەنگاوەکانی کردنەوەی ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش گوتی: "لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق گفتوگۆمان کردووە و لە پەیوەندی بەردەوامین لەسەر سێ بابەتی سەرەکی کە بریتین لە ناوەندی ھەماھەنگیی ھاوبەش، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش و ھێڵی بەرگریی ھاوبەش لە ناوچەکانی دیالە، کەرکوک، مەخموور و مووسڵ".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر گوتیشی: "تا ئێستا دوو کۆبوونەوەمان کردووە، یەکێکیان لە دووی تەمووز و ئەوەی دیکەش لە ٢٠ی تەمووز و لەسەر کۆمەڵێک لەو بابەتانە لێکتێگەشتنی ھاوبەشمان ھەبووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ ئەوەی واژووی لەسەر بکەین، هەندێک شت لە سۆشیال میدیادا قسەی لەسەر دەکرێت، رەنگە ئەوانەی لێدوان دەدەن بەشدار نەبوون لە کۆبوونەوەکان و وردەکاری نێو کۆبوونەوەکان نەزانن، بە گشتی بەردەوامین لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ، رەنگە کۆبوونەوەیەکی دیکە لە ماوەیەکی نزیکدا هەبێت لەنێوان لیژنەی باڵای ھەماھەنگیی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق".
فەریق جەبار یاوەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەربارەی ناوەندەکانی هەماهەنگیی هاوبەش گوتی: "ھەردوولامان ھاوڕاین لەسەر ئەوەی ھەماھەنگی توندوتۆڵ ھەبێت لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کۆتایی ھێنان بە تیرۆریستانی داعش بەتایبەت لە ناوچەکانی خورماتوو، کەرکووک، ناوچەکانی مەخموور و مووسڵ، بەڵام ھەماھەنگی میکانیزم و ئالییەتی ھەیە و هەموو ئەوانەمان لە سێ خاڵ کۆکردووەتەوە، یەکێکیان دامەزراندنی ناوەندی ھەماھەنگیی لەنێوان ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرانی وەزارەتی بەرگریی عێراق، یەکێکی دیکەیان بوونی ھێزی ھاوبەش و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش، خاڵی سێیەمیش بابەتی ھێڵی بەرگریی ھاوبەش بە درێژایی ئەو ناوچانە".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی وادەی رێککەوتنی کۆتایی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق گوتی: "ھێشتا نەگەیتشووینەتە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ئالییەتی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی کە باسم کرد، بەڵام لێکتێگەیشتنی باش ھەیە دەربارەی زۆر لە خاڵەکان، پێویستە بۆ ھەموو ئەو خاڵانە رێوشوێنی گونجاو دابنێین ئەوکات رێککەوتنی نێوان هەردوولا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە".
بەگوتەی فەریق جەبار یاوەر کۆبوونەوەی داهاتوو لە هەولێر دەبێت، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دیاریی نەکراوە و گوتی: "دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی داھاتوو هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵام بێگومان کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن چونکە، بڕیار دراوە ھەموو مانگێک لیژنەی باڵا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و بێگومان کۆبوونەوەیەک لە بەغدا و کۆبوونەوەیەکیش لە هەولێر دەبێت".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی میدیاکاران، سەبارەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە پێنج لیژنەی باڵامان هەیە بەپێی یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ دەربارەی بابەتە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە ئێمە، لیژنەکان بەردەوامن لە کۆبوونەوەکانی خۆیان لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی حەفتا و ھەشتا، ھەم لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆ، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران، بێگومان بەپێی ئەو پلانەی حکوومەت ئەو خاڵانەی پەیوەندیدارن بە وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی ئەو یاسایە جێبەجێی دەکەین".
فەریق جەبار یاوەر لە بارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانی پشمەرگە گوتی: "لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤، هاوکاری هێزی پێشمەرگە لە ئاسمانە و مەشق و یارمەتی هێزی پێشمەرگە و بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی چاکسازی تا ئەو چرکەیە بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەکی تیادا نەکراوە".