Dlshad Saifaalddin Ahmed
31 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2017
سلێمانی ـ AA
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جەیار یاوەر رایگەیاند، گفتوگۆكانی نێوان وەفدی سەربازی هەرێم و عێراق بەردەوامیان هەیە و تا ئێستا هیچ رێكکەوتنێكیان تیادا نەكراوە، ئاماژە بەوەش دەكات هەوڵ دەدەن كۆبوونەوەكان لەسەر هەموو ناوچەكان بێت و ئەو رێكکەوتن و لیژنانەی لە پێش ساڵی 2014 هەبوون زیندوویان بكەنەوە.
جەبار یاوەر لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا هیچ رێکكەوتنێك لە نێوان وەفدی سەربازی هەرێمی كوردستان و عێراق نەكراوە، ئەوەی كراوە تەنها دانیشتن و راگۆڕینەوە بووە و پێشنیاز هەبووە لە لایەن هەردوولاوە، بەڵام تا ئێستا هەردوولا بە هیچ رێكکەوتنێك نەگەیشتون".
ئەم لێدوانەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، دوای بڵاوكردنەوەی چەند هەواڵێك لە میدیا جیهانییەكان دێت، لەسەر ئەوەی وەفدی سەربازی هەرێمی كوردستان و عێراق لە كۆبوونەوەی رۆژانی رابردوویاندا بە چاودێری ئەمریكا و بەریتانیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوانیان و دەروازە و خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان رێکكەوتوون.
لە رۆژی هەینی رابردووەوە تا ئێستا هەردوولا سێ كۆبوونەوەی هاوبەشیان ئەنجامداوە، دوو كۆبوونەوە لە مووسڵ و كۆبوونەوەیەكیان لە هەولێر بووە.
جەیار یاوەر گوتی: "بە پێی دوایین كۆبوونەوە پلان هەیە كە ئەو دانیشتنانە تەنها لەسەر ئاستی ناوچەیەك نەبێت و لەسەر ئاستی هەموو ناوچە جێ ناكۆكەكان بێت وەك ئەوەی پێش 2014 هەبووە، هەروەها كاری هاوبەش لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و حكوومەتی فیدراڵی لە خانەقینەوە تا شنگال وەك جارانی لێبكرێتەوە كە ناوەندی هەماهەنگییان هەبووە لە دیالە و كەركووك و مووسڵ و بازگە و هێز و عەمەلیاتی هاوبەشمان هەبوو، ئێستا قسە لەسەر ئەوانە دەكرێت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوینەتە رێكکەوتن لەسەریان".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جەیار یاوەر هەروەها گوتی: "ئەو رێكکەوتنانەی پێشتر زیندوو دەكەینەوە و ئەو لیژنانەی پێشتر هەمانبووە زیندوویان دەكەینەوە، بەڵام وەك رێكکەوتنی فەرمی هیچ شتێك نەكراوە و تەنها ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پێشكەشكردنی پێشنیازە تا بگەینە رێكکەوتنی كۆتایی لەسەر رەشنووسێك بۆ هەموو ناوچەكان".
رۆژی 16ی ئەم مانگە هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی شاری كەركووك و دەورووبەریان كۆنترۆڵ كرد و هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە كشانەوە، دواتر لە ناوچەكانی تری وەك پردێ و مەخموور و چەند ناوچەیەكی تر شەڕو پێكدادانی توند لە نێوان ئەو هێزانە و پێشمەرگە روویاندا.
عێراق دەیەوێت دەست بەسەر هەموو ئەو ناوچانەدا بگرێت كە هەرێمی كوردستان لە دوای ساڵی 2003 ەوە كۆنترۆڵی كردوون، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان هەردوولا هەیە.