ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو تیشک دەخاتەسەر دۆخی سەربازیی ناوچەکە و بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی پڕۆسەی ئازادکردنی شاری مووسڵ و ئامادەکاری و رێککەوتنەکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات کە هێزی پێشمەرگە ماوەی دوو ساڵە ئامادە کراوە بۆ هەر ئەگەرێک و لە ئێستاشدا هێزەکانی پێشمەرگە ئامادەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنی مووسڵ و پێی وایە هێشتا سووپای عێراقی ئامادە نەبووە.
سەبارەت بە پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە فەریق جەبار یاوەر لە چاوپێکەوتنەکەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەکو هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵی 2015 هێزەکان ئامادەن و وەکو جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند جارێک ئەوەی دووبارە کردووەتەوە کە لە ماوەی دوو رۆژدا دەتوانین تەواوی هێزەکانمان ئامادە بکەین بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ، لەبەر ئەوەی ئێمە هێزەکانمان لەسەر زەوی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای مووسڵە و لە هەندێک شوێن هێزەکانمان 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری مووسڵەوە دوورە. جگە لەوەش زۆربەی شوێنە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەیە وەکو ناوچەی شنگال و زوممار و ئەو ناوچانەی نزیک باشیک و دیبەگە و گوێڕ و ناوچەکانی لای خازر، واتە ئێمە لە هەرێم وەکو هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی پاراستنی هەرێم ئامادەین هەر کاتێک کە پرۆسەکە دەست پێ بکات بەڵام هێشتا لایەنی حكوومەتی ئیتیحادی ئامادە نییە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە".
ئەمنیداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بە ئامادەکارییەکانی سەرەتایی دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەوەی تا ئێستا کراوە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بریتییە لە کردنەوەی بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی پڕۆسەی رزگارکردنی مووسڵ و ناوەندێکی هەماهەنگی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان، جگە لەوەش لەم ماوەیەدا دەست کرا بە گواستنەوەی فیرقەی 15ی سوپای عێراقی بۆ مەخموور و ئەم پرۆسەیەش هێشتا تەواو نەبووە لە ئامادەکاری و گواستنەوەی ئەو هێزانە".
فەریق جەبار یاوەر ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت رێگای پیادە بکرێتەوە لە کاتی دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەدا و گوتی: "پێویستە پێش ئەنجامدانی پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ ئەوە رێگای پیادە بکرێتەوە لە باشووری شاری مووسڵ بۆ ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی کە لە شاری مووسڵ ماونەتەوە و بتوانن بەم رێگایانەدا بێنە دەرەوەی مووسڵ، بەتایبەتی ناوچەکانی هیت و فەللوجە و قائیم و ریاز و حەویجە و شەرگات و گەیارە و کۆمەڵێک ناوچەی تر، بۆیە حکوومەتی عێراقی هێشتا ئامادە نییە بۆ ئەم پرۆسەیە".
لە بارەی پڕچەککردنی ژمارەیەک پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکاوە، جەبار یاوەر پێی وایە کە پێش پەلاماردانی شاری مووسڵ لەلایەن هێزی تیرۆریستان، ئەم بڕیارە هەبووە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بێگومان یەکێک لە پلانەکانی حکوومەتی ئەمریکا ئەوەیە کە دوو لیوا بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان پڕچەک بکات و مەشقیش بەو هێزە بکات و لەگەڵ ئەوەشدا راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر ئامێرەکانی سەربازی وەکو ئامێرەکانی گواستنەوە و ئۆتۆمبێل و ئەمبولانس و هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە بۆ لیوایەک پێویستە ئەوە ئەمریکا دابینی دەکات و لە ئێستادا هەموو ئەو پێداویستییانە دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر و ئێستا دوو فەوجی ئەو دوو لیوایە لە مەشقدان".
سەبارەت بە ماوەی مەشق و راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکاوە، جەبار یاوەر گوتی: "لە دوێنێیەوە دەست کراوە بە مەشقی هێزەکانی پێشمەرگە کە ئەمە پێی دەڵێن مەشقی پسپۆڕی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەڵام ئەم مەشقە هیچ پەیوەندییەکەی بە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ نییە و هەرچی بڵاو دەکرێتەوە دەربارەی ئەو دوو لیوا لەسەر ئازادکردنی مووسڵ ئەوە راست نییە".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیشیدا گوتیشی: "ئەم دوو لیوایە، لیوای 1 و لیوای 2ی پیادەی کەرکووکن کە یەکێکیان دەکەوێتە میحوەری 4 و ئەوی دیکەش دەکەوێتە میحوەری 5 کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای کەرکووک و ئەوانەش ئەرکی خۆیان هەیە و هیچ پەیوەندییان بە پڕۆسەی ئازادکردنی مووسڵەوە نییە".
سەبارەت بەم دەنگۆیەی کە گوایە هێزەکانی سەربازیی ئەمریکا بەڵێنی ئەوەی داوە کە پێکهاتە جیاوازەکان پڕچەک بکات و لە داهاتوودا لە ناوچەکانی خۆیان جێگیریان بکات و لەمبارەیەوە ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بێ ئاگایی خۆی دەربڕی و گوتی: "وەکو وەزارەتی پێشمەرگە هیچ ئاگاداری ئەم بابەتە نین بەڵام کاتی خۆی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد کە هەندێک لەو سەربازانەی کە پێشتر لە سوپای عێراق بوون وەکو ئێزدی و شەبەک و تورکمان و مەسیحی ئەوە وەربگیرێنەوە و مەشقیان پێ بکرێت".
جەبار یاوەر گوتیشی: "لە وەزارەتی پێشمەرگە 2 فەوجی ئێزدی و 1 فەوجی شەبەک و 1 فەوجی کاکەیی و هەندێک لە تورکمان و مەسیحیش لە ریزی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەن".
لەبارەی ئەو هێزانەی کە بڕیارە بەشداری ئازادکردنی مووسڵ بکەن، جەبار یاوەر ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا پلان دانەڕێژراوە کە چۆن بەشداری ئازادکردنی مووسڵ دەکرێت و پێی وایە لایەنە سەرەکییەکان بریتین لە هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی ئاسمانی هاوپەیمانان.
ئەمنیداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "هێشتا بەرنامە و پلان دانەندراوە بۆ ئازادکردنی مووسڵ بەڵام ئەوەی تا ئێستا دیارە هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و بەشێک لەو پۆلیسانەی کە پێشتر لە مووسڵ بوون و ئێستا لە هەرێمی کوردستان مەشقیان پێ کراوە، هەروەها هێزی حەشدی وەتەنی بەشداری پرۆسەکە دەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی هاوپەیمانان لە رێگای فڕۆکەوە پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکەن و جگە لەوەش نەمبیستووە هیچ هێزێکی دیکەی وشکایی بەشداری ئەم پڕۆسەیە بکات و ژمارەی ئەو پۆلیسانەش نزیکەی 5 هەزار پۆلیس دەبێت، جگە لەوەش رۆژانە گوێبیستی هەندێک هەواڵ دەبین کە هەندێک لایەن دەیانەوێت بەشداری بکەن بەڵام ئەمانە شتێکی فەرمی نییە و تا ئێستا هیچ قسەیەک لەمبارەیەوە نەکراوە".
جەبار یاوەر ئاماژە بە چۆنیەتی وردەکارییەکانی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ دەکات و پێی وایە دەبێت رێککەوتنێک هەبێت لە نێوان هێزەکانی بەشداربووی ئەم پڕۆسەیە و لە چاوپێکەوتنەکەی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "هەتا ئێستا پلانی ئازادکردنی مووسڵ دانەڕێژراوە و رێککەوتنی لەسەر نەکراوە تا بزانین ئەو هێزانە کێن بەشداری دەکەن و لە چ لایەک بەشداری ئەم پڕۆسەیە دەکەن و تا کوێ دەچنە پێشەوە و دوای ئازادکردنی مووسڵیش ئەو هێزانە کێن کە مووسڵ دەپارێزن، ئەوانە کۆمەڵێک وردەکارییە کە هێشتا قسەی لەسەر نەکراوە".
هەر لە درێژەی قسەکانیدا جەبار یاوەر گوتی: "ناتوانرێت کاتێک بۆ ئەم پڕۆسەیە دابنێین چونکە ئێمە دوو ساڵە باسی ئازادکردنی شاری مووسڵ دەکەین، کاتێک ئێمە باسی ئازادکردنی شاری مووسڵ-مان دەکرد هێشتا ئەنبار نەگیرابوو، واتە کاتێک ئێمە خەریکی ئامادەکاری بووین بۆ ئازادکردنی مووسڵ، پەلاماری ئەنبار درا و کەوتە ژێردەستی تیرۆریستان و پڕۆسەی رزگارکردنی مووسڵ دواکەوت. ئێستا ئێمە باسی رزگارکردنی مووسڵ دەکەین، دەبینین ئەبو غرێب پەلامار دەدرێت. لەبەر ئەوە ناتواندرێت کاتێک بۆ تەواوی ئەم پڕۆسەیە دابنێین".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات و دەڵێت: "هەندێک خاڵ هەیە دەبێت رەچاو بکرێت چونکە لە کاتی دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیە دەبیت کۆمەڵێک شوێن ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیلی ناو مووسڵ بتوانن دەربازیان بێت و لەم شوێنانە نیشتەجێی بکرێن و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت پلانێک دابڕێژرێت بۆ ئەوەی خەڵكی سڤیل و چەکدارانی داعش لە یەکتر جیا بکرێنەوە چونکە وەک دەزانین چەکدارانی داعش بارەگاکانیان لەناو ماڵاندا کردووەتەوە و خۆیان تێکەڵ بە خەڵکی سڤیل کردووە".
بەو پێیەی هەر سێ لایەنی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ دەکەن و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش پێی وایە لەکاتی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا هەر لایەن و فەرماندەی خۆی دەبێت و دەڵێت: "هەرچەندە تا ئێستا پلانێک دانەڕێژراوە بەڵام رێککەوتنێک لەسەر ئەوە هەیە کە هەر هێزێک فەرماندەیی خۆی هەبێت بەڵام هەماهەنگی هەیە لە نێوانیان و لە ئێستادا ژوورێک هەیە بەناوی ژووری هەولێر بۆ هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی هەرێم و هێزەکانی حکوومەتی عێراق".
جەبار یاوەر پێی وایە کە هێزەکانی هاوپەیمانان رۆڵی سەرەکی لە پڕۆسەکە دەبینن و ئاماژە بە رەزامەندی هەموو لایەنەکان دەکات بە مەبەستی بەشداربوونی لایەنێکی دیکە لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگری عێراقی و وەزارەتی پێشمەرگە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هێزەکانی هاوپەیمانان رۆڵی سەرەکی دەبین لە پڕۆسەی ئازادکردنی مووسڵ و لەبەرئەوە هەر لایەنێک بیەوێت بەشداری ئەم ئۆپەراسیۆنە بکات ئەوە پێویستە رەزامەندی لە هێزی هاوپەیمانان و حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرێت و ئەوان بڕیار دەدەن کە کێ بەشدار دەبێت لەم پڕۆسەیە".
سەبارەت بەو هۆشدارییەی حکوومەتی ئەمریکا لەبارەی داڕمانی بەنداوی مووسڵ و کاریگەرییەکانی لەسەر پرۆسەی ئازادکردنی ئەم شارە، جەبار یاوەر گوتی: "ئەوە دەمێنێتەوە سەر ئەو ناوچانەی کە نزیکن و دەکەونە سەر رێڕەوی ئەم ئاوە و ئەوەندی ئێمە زانیاریمان هەبێت کۆمپانییایەکی ئیتاڵی لە ئێستادا لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ رێگەگرتن لە رووخانی ئەم بەنداوە".
ئەو لە درێژەدا دەربارەی ئازادکردنی مووسڵ زیاتر دوا و دەڵێت: "ئێمە هیچ دانیشتنێکی فەرمیمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق نەکردووە بۆ وردەکاری لەسەر ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ و هەتا داعش لە مووسڵ بمێنێ ئەوە ئاسایش لەسەر هەرێمی کوردستان بەو جۆرە نییە و لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەشێکی هاوپەیمانیەتی دژ بە داعشین لەگەڵ 60 وڵاتی دیکە و لە بەرامبەر ئەوەشدا ئێمە بە عێراق و هاوپەیمانانمان گوتووە کە هیچ سەرچاوەیەکی چەک و تەقەمەنیمان نییە و دەبێت بۆمان دابین بکرێت".
بڕیارە شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لەناوەراستی مانگی ئازاردا سەردانی وڵاتی ئەمریکا بکات و لەسەر چۆنیەتی سەردان و ئەجێندای ئەم سەردانە، جەبار یاوەر گوتی: "بڕیاری چوونی شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هەیە لە مانگی ئازار بڕیارە سەردانی ئەمریکا بکەن و ناوەڕۆکی سەردانەکەش بریتییە لەچەند تەوەرێک یەکەمیان، باسی ئازادکردنی شاری مووسڵ و دووەمیان باسی شەڕی ئێستای داعش و سێیەم باسی چەک و تەقەمەنی و پێداویستییەکانی هێزی پێشمەرگە و مەسەلەی قەیرانی داراییش یەکێک دەبێت لە تەوەری سەرەکی سەردانی شاندەکە".
جێی ئاماژەیە شاری مووسڵ لە رۆژی ١٠/٦/٢٠١٤ دوای پەلاماردانی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەو شارە کەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار ھاووڵاتی شارەکەش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون.
مانەوەی مووسڵ لە ژێر دەستی داعش بۆ دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە و تا ئێستاش ھێزەکانی چەکداریی عێراق نەیانتوانیوە ھەڵمەتی رزگارکردنەوەی ئەو پارێزگایە دەست پێ بکەن و ئەم پارێزگایەش دووەم گەورەترین شاری عێراقە و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبێت، لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا بنکەیەکی گرنگ و سەرەکی تیرۆریستان بووە.
news_share_descriptionsubscription_contact

