Dilşad Seyfeddin Ahmet
05 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2016
سلێمانی
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەبار یاوەرلە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هەواڵی دەستپێكردنی پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە رایگەیاند: "وەك هێزەكانی پێشمەرگە هیچ پڕۆسەیەكمان دەست پێنەكردووە بۆ سەر مووسڵ و ئاگاداری پڕۆسەیەكی لەو شێوەیە نیم كە بەتەنها مووسڵ رزگاربكەین، ئەوەی هەیە دوێنێ لە چەند شوێنێكەوە داعش هێرشی كردووە و لەلایەن پێشمەرگەوە بەرپەرچی هێرشەكانیان دراوەتەوە و تێكشكێنراون".
ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی دەستپێكردنی پڕۆسەی رزگاركردنی شاری مووسڵ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە دێت كە ئەمڕۆ لەلایەن بەشێك لە میدیا عێراقییەكان لەسەر زاری نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بریت مەكگۆرك رایانگەیاندووە پێشمەرگە پرۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵی دەستپێكردووە.
جەبار یاوەر لە وەڵامدا گوتی: "ماوەی دوو ساڵە و لەدوای ئەوەی حكوومەتی فیدراڵی باسی رزگاركردنەوەی مووسڵ دەكات، هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەی ئەو پڕۆسەیەن بەڵام پێشمەرگە بە تەنها هیچ پڕۆسەیەك دەست پێناكات بۆ رزگاركردنەوەی مووسڵ تا ئەو كاتەی هێزەكانی سەربە حكوومەتی فیدراڵی ئامادەی ئەو پڕۆسەیە نەبن".
یاوەر ئەوەشی گوت: "تائێستا حكوومەتی فیدراڵی ئامادەی ئەو پڕۆسەیە نین و پلان ئامادە نەكراوە، تائێستاش رێك نەكەوتووین لەسەر پلانی ئەوەی چۆن هاوبەشی بكەین و هەر لایەك كارەكەی چییە، هەروەها لەسەر ئەوەش رێك نەكەوتووین دوای ئەو پڕۆسەیە كێ دەتوانێت شارەكە بپارێزێت و باس لە ئیدارەی ئایندەی شارەكەش نەكراوە".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی هیچ پلانێكی ئاسایشی و ئیداری بۆ رزگاركردنەوەی مووسڵ دانەنراوە، هەروەها لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی عێراقیش دانیشتنیان نەكردووە تا لەسەر پلانێك رێكەون.