Muhammet Ali Kemal
05 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2016
ئیزمیر
موسەوی کە لەسەر بانگهێشتی لقی ئیزمیری دەستەی پیاوانی خاوەنکاری ئانادۆڵو لەو شارەیە، لە روونکردنەوەیەکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند ئەندامانی شاندەکە کە پێکهاتبوون لە کاربەدەستانی باڵای وڵاتانی ئەندام و بەرپرسانی حکوومەت دوو کۆبوونەوەیان لە ئیستانبوڵ کردووە و دیدگای نوێی رێکخراوی (D-8)یان دیاریکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد سەرکردەکانی وڵاتانی (D-8) ئەمساڵ لە لوتەکەیەکدا کە لەئێران سازدەکرێت، کۆدەبنەوە و هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی قۆناغی داهاتوو، پێویستە میکانیزمێکی نوێی دارایی دابمەزرێنرێت.
سەید عەلی محەمەد موسەوی جەختی لەوەکردەوە لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، وڵاتانی ئەندامی (D-8) ئەم دۆخە وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنن.
سکرتێری گشتیی (D-8) رایگەیاند ئەو گەمارۆ و سزایانەی خرابوونە سەر ئێران کاریگەریی بەرچاوی خستبووە سەر رێکخراوەکە و رایگەیاند: ''با نموونەیەکی بەم شێوەیە بهێنمەوە، بازرگانی ناوخۆی (D-8) لەساڵی ٢٠١٢دا بریتی بوو لە ١٥٠ ملیار دۆلار، بەڵام لە ئەنجامی گەمارۆکان لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤دا بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی. ئەمە کاریگەریی کردە سەر دواکەوتنی ئەو بازرگانییەی کە لەنێوان وڵاتانی ئەندامدا دەکرێت، بەتایبەت ئەو بازرگانییەی لەنێوان تورکیا و ئێراندا هەیە. لەگەڵ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیانەدا بازرگانییەکانی نێو رێکخراوەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاددەکات و هەلی نوێی کارکردن بۆ خاوەنکارانی (D-8) بەگشتیی و تورکیا بەتایبەتیی درووست دەبێت. هەرلەبەر ئەم هۆکارەیە کە هەڵگرتنی گەمارۆکان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر رێکخراوەکە دەبێت''.
موسەوی نەیشاردەوە ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا هەیە و ئەو گرژییانەی لەنێوان وڵاتاندا هەیە، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کارەکانی (D-8) نەبووە و لە کۆبوونەوەکانی رێکخراوەکەدا سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام وەزیرانی دەرەوە تاوتوێی ژمارەیەک بابەتی جۆراوجۆریان کردووە و جەختیان لەوەکردووەتەوە کە برایەتیی نیوان وڵاتانیان درزی تێنەکەوتووە''.