Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر رایگەیاند لەناو عێراق و سوریاش بە دوای چارەنووسی ٤٤ پێشمەرگەوەن کە لەشەڕی داعشدا بێسەر و شوێنن.
لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر لە بارەی چەکدارانی داعش گوتی: "داعش بەرەو لاوازی دەڕوات لە عێراق و لە سوریاش لە کۆتایی ھەناسادانییەتی، بەڵام بەشێوازی گرووپی بچووک بچووک دەمێنێتەوە و، دەبێت کارەکانمان لە رووی سەربازی و ھەواڵگرییەوە بەردەوام بین بۆ کۆتاییھێنان بە داعش".
یاوەر گوتیشی: "ئەگەر داعش بەشێوەی مەیدانی و سەربازی کۆتایی بێت، بەڵام بەشێوەی فیکری ماوە و، دەبێت جەنگێکی دیکەی فیکری نوێ دژی داعش دەست پێبکەین و، میکانیزمێکی نوێ دابنێین لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمان و وڵاتانی دیکە".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد کە سۆراخ و بەدواداچوونییان بەردەوامە بۆ ئەو پێشمەرگانەی لەمیانی شەڕی دژ بە داعش بێسەر و شوێن بوون و گوتی: "لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ھەوڵێکی زۆر دراوە بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی ھەواڵیان نییە و ئەو پێشمەرگانەی کە بێسەر و شوێنن کە نزیکەی ٤٤ ناو لەلامان تۆمار کراوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە عێراق و لە سوریاش بەدوای چارەنووسی ئەو کەسانەوەین و، ئومێدی مانەوەیان دەکەین بە زیندوویی".
یاوەر لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا باسی لە پڕۆژەی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە کرد و، گوتی: "پڕۆژەیەکی ٣٥ خاڵیمان لە وەزارەت ھەیە و، بەڕێوەبەرایەتییەکی چاکسازیمان ھەیە لە وەزارەت کە سەرقاڵی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەن، لە یەکێک لە خاڵەکانی رێکەوتنی یەکێتی و پارتیشدا جەخت لەسەر یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە کراوەتەوە".