سياسەت

ترەمپ: "ئەگەر کیم هەڵسوكەوتى دوژمنانەى هەبێت ئەوە شتى زۆر دەدۆڕێنێت"

- سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ: "ئەگەر سەرۆكى كۆرياى باكوور، كيم جۆن- ئون واز لە هەڵسوكەوتى دوژمنانەى نەهێنێت ئەوە زۆر شت دەدۆڕێنێت".

İslam Doğru  | 08.12.2019 - نوێکردنەوە : 09.12.2019
ترەمپ: "ئەگەر کیم هەڵسوكەوتى دوژمنانەى هەبێت ئەوە شتى زۆر دەدۆڕێنێت"

New York

نيويۆرك - AA

سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ رايگەياند ئەگەر سەرۆكى كۆرياى باكوور، كيم جۆن- ئون واز لە هەڵسوكەوتى دوژمنانەى نەهێنێت ئەوە زۆر شت دەدۆڕێنێت.

ترەمپ، بە توندى ناڕەزايەتى لە بەرامبەر لێداونەكانى نوێنەرى هەميشەيى كۆرياى باكوور لە نەتەوە يەكگرتووەكان، كيم سۆنگ كە گوتبووى چيتر داماڵينى چەكى ئەتۆمى لەسەر مێزى گفتوگۆ دانانرێت.

ترەمپ، لە هەژمارى تایبەتی خۆى لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر رايگەياند، "كيم جۆن-ئون زۆر زيرەكە و ئەگەر هەڵسوكەوتى دوژمنانەى هەبێت ئەوە شتى زۆر دەدۆڕێنێت. لە سينگافۆر، رێككەوتنێكى بەهێزى داماڵينى چەكى ئەتۆمى واژۆكرد"

دۆنالد ترەمپ، لە تويتەكەيدا راشیگەیاندووە: "كيم جۆن-ئون، نايەوێت پەيوەندييە تايبەتەكەى تێكبدات كە لەگەڵ سەرۆكى ئەمريكا هەيەتى و هەروەها نايەوێت دەست لە هەڵبژاردنەكانى سەرۆكايەتى ئەمريكا وەربدات. كۆرياى باكوور، بە سەركردايەتى كيم جۆن-ئون خاوەنى ئابووريەكى زەبەلاحە و وەك ئەوەى كە بەڵێنى دا دەبێت چەكى ئەتۆمى داماڵێت. ناتۆ، چين، رووسيا و ژاپۆن و هەموو جيهان لەسەر ئەم بابەتە هاوڕان".

سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ دوێنێ لە كۆشكى سپى لە روونكردنەوەيەكيدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتى: "پەيوەندييەكانمان زۆر باشە، بەڵام گومان لەوە نييە كە كەمێك دوژمنايەتى هەيە".

دوێنێ نوێنەرى هەميشەيى كۆرياى باكوور لە نەتەوە يەكگرتووەكان، كيم سۆنگ، لە روونكردنەوەيەكدا گوتبووى: "لە ئێستادا پێويست بە گفتوگۆيەكى دوورودرێژ ناكات لەگەڵ ئەمريكا و بابەتى داماڵينى چەكى ئەتۆمى هەر لەسەر مێزى گفتوگۆدا نەماوە" هەروەها رايگەياندبوو كە ئامانجى ئەمريكا لە گفتوگۆكان "فێڵى بەدەستهێنانى كاتە" بۆ بەرژەوەندى دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانى سەرۆکایەتی ساڵى ٢٠٢٠.

- گفتوگۆكان، لە مانگى شوباتەوە تاكو ئێستا بە خاوى بەردەوامە

گفتوگۆكانى داماڵينى چەكى ئەتۆمى لە نێوان ئەمريكا و كۆرياى باكوور لە مانگى شوباتەوە بۆ ئێستا بە بەخاوى بەردەوامە. دۆناڵد ترەمپ و كيم جون-ئۆن بۆ يەكەم جار لە ١٢ى حوزەيرانى ٢٠١٨ لە سينگاپوورە چاويان بەيەككەوت ولەوێ رێككەوتبوون لەسەر داماڵينى چەكى ئەتۆمى لە نيمچەدوورگەى كۆريا و بەرپاكردنى ئاشتييەكى جێگير لە ناوچەكەدا. هەردوولا جارێكى ديكە لە ٢٦-٢٧ى شوبات لە ڤێتنام كۆبوونەوە بەڵام لووتكەكە بە پێچەوانەى چاوەڕانييەكان بە شێوەيەكى زۆر خێرا و بەبێ رێككەوتن كۆتيايى پێهێنرا. كۆتا كۆبوونەوەى هەردوو سەرۆك لە ٣٠ى حوزەيران لە ناوچەى "داماڵينى چەكى" نێوان هەردوو كۆريا بەرێوەچوو و هەردوولا بڕيارياندا لەسەر بەردەوامبوون لەسەر گفتوگۆكانى چەكى ئەتۆمى.

لە ميانى كۆبوونەوەكانى كاركردن لەسەر ئەو رێككەوتنە لەمانگی تشرينى يەكەم لە سويد، شاندى كۆرياى باكوور، ئەمريكييەكانيان بە بەردەوامبوون لەسەر هەلوێستەكانى پێشوو تۆمەتباركردبوو. حكوومەتى بيۆنگيانگ، تاكو كۆتايى ئەمساڵى وەك ماوە داوە بە ئەمريكا بۆ رەزامەندى نيشاندان لەسەر مەرجە هاوبەشەكانى تايبەت بە داماڵينى چەكى ئەتۆمى. لە ئەگەرى بەردەوامبوونى ئەمريكا لەسەر سزا ئابوورييەكان و فشارەكانيان ئەوە ئەوان "بەدواى رێگايەكى نوێ"دا دەگەڕێن.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın