Hemn Baban
27 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2019
ھەولێر - AA
چاوەڕوان دەکرێت لەم وەرزە نوێیەدا، نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ پڕۆژەیاسا لە لێژنەکانەوە ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێن.
راوێژکاری لێژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەزرش و لاوان لە پەرلەمانی کوردستان، تاریق جەوھەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دەستپێکردنی وەرزی نوێی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند پرسێکی پەیوەست دەکات.
لەوبارەیەوە سەبارەت بە دیارترین ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە لە وەرزی نوێدا تاوتوێ دەکرێن و دەخرێنە بەرنامەی کارەوە، تاریق جەوھەر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "لە راستییدا تا ئێستا بەڕەسمی گرنگترین ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە لە وەرزی نوێی یاسادانان دەخرێنە بەرنامەی کارەوە رانەگەیەنراوە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوو واتە لە یەکی ئەیلوولەوە پەرلەمانی کوردستان دەست بەکارەکانی پاش پشووەکەی بکاتەوە، بەڵام بەگشتی ئێستا سەرجەم لێژنەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی چەندین پڕۆژە یاسان و ھەریەکەیان بەپێی بوار و پسپۆڕی و تایبەتمەندی خۆیانەوە".
ئەو ھەروەھا باسی لە کارەکانی ئەو لێژنەیەش کرد کە ئەو تیایدا راوێژکارە و رایگەیاند "ئێستا لێژنەی رۆشنبیری سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای رێکخستنی ریکلامیین کە تایبەتە بە رێکخستنی ئەو بوارە لە ھەرێمی کوردستان و ھێشتا لەم بوارەدا بۆشاییەکی زۆر ھەیە و پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە، بۆیە شارەزایانی ئەو بوارە لەگەڵ ئەندامانی لێژنەی رۆشنبیری لە میانی ھەفتەی رابردوودا چەندین دانیشتنییان کردووە، ئێستا پڕۆژە یاسایەک لە کۆتاییەکانی گەڵاڵەکردنییەتیدایە، پێشتیریش ئەم پڕۆژە یاسایە رابۆچوونی شارەزایانی ریکلام و میدیای بۆ وەرگیراوە و چەندین کۆڕ و سیمیناری بۆ بەستراوە، ئێستا جارێکی دیکە دوای ئەوەی پڕۆژە یاساکە دەخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانەوە کۆڕ و سیمیناری بۆ دەکرێت و بەدواداچوونی وردی بۆ دەکرێت لەگەڵ شارەزایانی بواری میدیا و ریکلام و ئەکادیمیستەکانیش، ھەروەھا لەگەڵ کۆمپانیاکانی ریکلامیش قسەدەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن ئەو بوارە رێکبخرێتەوە، چونکە ئەوە بوارێکی گرنگە لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەمڕۆ ریکلام بووە بە سەرچاوەیەکی باشی داھات بۆ میدیا و کۆمپانیاکان، ھەروەھا بۆ حکوومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش".
تاریق جەوھەر لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە چاوەڕوانیی خەڵک لەم خولە و لەم وەرزەی کە بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو دەستی پێ بکات پاش تەواوبوونی پشووی پەرلەمان گوتی: "خەڵک چاوەڕوانی ئەوەیە پەرلەمان لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی دانیشتنەکانی ھەنگاوە جیددییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی چاکسازی و پڕۆژە یاسای چاکسازی بنرێت کە لە خولی پێشوو گەڕێنرایەوە، ھەروەھا مەسەلەی چارەسەرکردنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، پرسی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ناوەندی، مەسەلەی نەوت و غازی ھەرێم، ھەروەھا خۆ ئامادەکردن بۆ ناردنی پڕۆژە بوودجەی ھەرێم بۆ پەرلەمان کە لە خولی رابردوودا ھیچ ساڵێک پڕۆژەکە نەنێردرا بۆ پەرلەمان، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژەیە لەم کابینەیە بنێردرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری بوودجە و خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم بێت".
ئەو راوێژکارەی لێژنەی روشنبیری ھەروەھا ئەوەشی راگەیاند کە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکی لێژنەکان دانیشتن دەکات بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکی وەرزی نوێی یاسادانان و کارکردن بۆ ئەو پڕۆژە یاسایانەی لەپێشترێتییان دەدرێتێ و لە ھەفتەی رابردووشدا دەستەی راوێژکارانی پەرلەمان و سکرتێری لێژنەکانی پەرلەمان لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەیان کردووە و دیسان داوای را و سەرنجی راوێژکاران و شارەزایانی کاری پەرلەمان کرا بۆ ئەوەی بزانرێت چی بکرێت بە ئەولەوییەت لە وەرزی نوێ.
تاریق جەوھەر سەبارەت بە دیارترین کارەکانی پەرلەمان کە خەڵک چاوەڕوانیی لێییەتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونی دەکاتەوە "خەڵک چاوەڕوانی ئەوەشە رۆڵی چاودێریی پەرلەمان چالاک بکرێت، چونکە خەڵک دەیەوێت بەدواداچوون بۆ کەموکورتییەکان بکرێت و ئەو بەرنامەیەی حکوومەت دایڕشتووە پێویستە لە لایەن لێژنەکانی پەرلەمانەوە بەدواداچوونییان بۆ بکرێت و دواتر لێپرسینەوە لە حکوومەت بکات لەسەر بنچینەی خاڵەکانی بەرنامەی کار، بۆیە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەن بوودجە بێتە پەرلەمان، ھەروەھا کاری چاودێری پەرلەمان بەسەر دامەزراوەکانی حکوومەتەوە زیاتر بکرێت و کاریگەرتربێت بۆ ئەوەی شەفافییەت و دادپەروەری و یەکسانی بۆ خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە".
تاریق جەوهەر سەبارەت بە ژمارەی ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە تاوەکو ئێستا ھاتوونەتە پەرلەمانەوە گوتی: "ئێمە لە سەرەتای کارەکانی ئەم خولەین، ئەم وەرزە بەکردەیی یەکەم وەرزی یاسادانان دەبێت، چونکە پڕۆژەیاسا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، بە ھۆی قەیرانە سیاسییەکان پەرلەمانی کوردستان نەیتوانی وەکو پێویست پڕۆژە یاسا پەسەندبکرێت، چەند پڕۆژەیەکی کەم نەبێت، بۆیە چاوەڕوانیین لەم وەرزەدا، ١٠ بۆ ١٥ پڕۆژە یاسا لە لێژنەکانەوە گەڵاڵە بکرێن بۆ ئەوەی خوێندنەوەیان لەسەر بکرێت و پەسەندبکرێن".