Hemn Baban
27 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2019
ھەولێر - AA
ئەندامی دەستەی باڵای یەکێتیی پەرلەمانتاران و راوێژکاری پێشوو لە پەرلەمانی کوردستان، کاردۆ محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە وردەکاریی ئەو ئەنجوومەنە دەکات کە پێشنیازی دامەزراندنیان کردووە بەناوی "ئەنجوومەنی دانایان"، دەشڵێت لەو ئەنجوومەنەدا بڕیارە چارەنووسسازەکان فلتەر دەکرێن و کەسیش وەکو کەس نابێت بە مەرجەع، بەڵکو ئەو ئەنجوومەنە دەبێت بە مەرجەعی بڕیارە چارەنووسسازەکان.
کاردۆ محەمەد سەبارەت بە بوونی پڕۆژەیەک بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی بکرێت بە سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنە گوتی: "لە راستییدا ئەم موناقەشە دەمێکە ھەیە لەوەی پێویستە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجوومەنێک یان مەرجەعێک ھەبێت ھەیە، ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان و لە نووسینگەی راوێژکاریی و دەستووری بیرۆکەیەکمان ھەبوو کە ئەوەش بەسوود وەرگرتن لە ئەنجوومەنەکانی دونیا وەکو ئیتاڵیا، سیناتی فەڕەنسا ئەو ئەزموونە ئەوەیە پەرلەمان ھەبێت، ژوورێکی دیکەی پەرلەمان یان دیوێکی دیکەی پەرلەمان ھەبێت، واتە ئەنجوومەنەکە مەرجەع بێت".
لەبارەی وردەکاری و ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیەی کە پێشتر لە لایەن نووسینگەی راوێژکاری و دەستووریی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکراوە ئەندامی دەستەی باڵای یەکێتیی پەرلەمانتاران و راوێژکاری پێشوو لە پەرلەمانی کوردستان، کاردۆ محەمەد کە خۆی خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی ئەنجوومەنەکەشە گوتی: "ئەو ئەنجوومەنە وەک فلتەربێت بۆ کێشە چارەنووسسازەکان بەڕەچاوکردنی دۆخی سیاسیی کورد، چونکە لەنێو بزووتنەوەی سیاسی ئەو میللەتانەی ئێمە و کوردیش سەرکردە ھەڵکەوتووە ئەگەر لەناو دامەزراوەکانیش نەبێت کاریگەریی لەسەر بڕیارەکان ھەبێت، بەتایبەت ئێستا ئێمە ئەوە دەزانیین کە پێویستە دەستوورێک ھەبێت و دوای ئەویش دادگای دەستووری ھەبێت و ببێت بە مایەی گرێبەستێک کە ھەموومان کوڕابین لەسەر ئەوەی لە کوردستاندا گرێبەستێک ھەیە دەبێت پابەندبین پێوەی و سیستەمێکیش ھەیە سیستەمی یاسای دەستوورییە، بەڵام ئێمە قسەمان لەسەر ئەحزاب نەکرد، قسەمان لەسەر ئەوە کردووە کە بڕیاری حزبە سیاسییەکان لە دەرەوە بێتە نێو دامەزراوەکان و ئەوە بەوە دروست دەبێت کە ئەنجوومەنێکمانن ھەبێت لەھەر پارێزگایەک سێ کەس ھەبێت و بەتایبەمەندیی کەسەکان نوێنەرایەتی بکەن، لەگەڵ ئەوەیشدا بەشێک لەوانەی لەنێو جوڵانەوەی سیاسیی کورد بەشداربوون بە شێوەیەک بەشداری ئەو ئەنجوومەنە ببن، ئەنجوومەنەکەش فلتەربێت وەکو ئەنجوومەنی پیران، ئەنجوومەنی سینات، ئێمە ئەزموونی وڵاتانیشمان ھەیە، بەنموونە لە فەڕەنسا یان ئیتاڵیا سەرۆکی کۆمار کاتێک خانەنشین دەبێت دەتوانێت تا مردن لەو ئەنجوومەنە ئەندام بێت، بەڵام ئەمە ئەنجوومەنێکی یاساییە و فلتەرێکە و لە دوای نوێنەرایەتیی ئەندامانی پەرلەمان دەبێتە فلتەر و کۆڕاییەک دروست دەکات لەسەر بڕیارە سەرەکییەکانی پەیوەندییدار بە چارەنووسی ھەرێم و وڵاتەکەمانەوە بێت".
نوێنەرایەتیکردن لەو ئەنجوومەنە بەپێی پارێزگاکان و رۆڵی کەسە دیارەکانی نێو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دەبێت، بەو پێیە بەپێی ئەو گەڵاڵەنامەیەی کراوە و بەپێی قسەکانی کاردۆ محەمەد کە ھاوکات سەرۆکی رێکخراوی تۆڕی نەوایە، بەمشێوەیە دەبێت "ئەنجوومەنەکە ٢١ ئەندامی دەبێت، پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کە چوار پارێزگان لەگەڵ پارێزگای کەرکووک-یش ھەر یەکە و سێ ئەندامیان دەبێت کە دەکاتە ١٥ ئەندام، پێنج کەسیش لەنێو حزبەکان رۆڵی سەرەکییان ھەیە بە یاسایی و بەھەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکە بێنە نێو ئەنجوومەنە کە پێی دەگوترێت ئەنجوومەنی دانایان، ئەم ئەنجوومەنە وا دەکات ئیدی ئەنجوومەنی سیاسیی دیکە و حزب رۆڵی نەمێنێت لە ھەموو شتەکاندا و دەستوەردانی حزبی نامێنێت، ئەو کەسانەی دەھێنرێنە ئەنجوومەنەکە ئەگەر لە دەرەوە بن دەبنە کۆسپ لەبەردەم بڕیارەکان، بۆیە ئەو ئەنجوومەنە کە بەپێی یاسا دروست دەکرێت باشترینە لەوەی ئێستا ھەیە، چونکە دامەزراوەکانی ئێمە لاوازن و دەستوەردانی حزبی ھەیە".
کاردۆ محەمەد روونیشی دەکاتەوە کە پڕۆژەکە چاوەڕوانی ئەکتیڤکردنە، چونکە ئامادەکراوە و گوتی: "ئێمە کە کردمان بە پڕۆژە و بۆ پەرلەمان و حزبەکانیشمان نارد ھێشتا ماوە، پێویستی بەھاندانە بۆ ئەوەی ئەکتیڤ بکرێت و ئەمەش کاری کۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیاندن و حزب و لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوەکانی دیکەیە کە کار بۆ ئەو پرسە بکەین".
لە کۆتایی قسەکانیدا کاردۆ موحەمەد پێی وایە کە ئەو ئەنجوومەنە پێگەی دامەزراوەکان لە ھەرێمی کوردستان بەھێز دەکات و لەوبارەوە گوتی: "ئەمە شتێکی باشە و بەپێی یاسا ئەم ئەنجوومەنە رێکدەخرێت و دەنگدان و ئەندامێتی و وردەکاریی ئەنجوومەنەکە بەپێی یاسایەکی تایبەت دەبێت، بوونی ئەنجوومەنەکەش پێگەی دامەزراوەکان بەھێز دەکات و ئەوە ناھێڵێت بڕیاری دامەزراوەکان لە لایەن حزبەکانەوە لە دەرەوەی ئەو دامەزراوانەوە بدرێت".