Zana Natık Kerem
11 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2017
ژمارەیەكی زۆری لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە ناوەڕاستی شاری بەغدا خۆپێشاندانی ناڕەزایی دەستپێکرد و داوای گۆڕانکاری لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان و یاسای هەڵبژاردن دەکەن.
لە خۆپێشاندانەكەدا، لایەنگرانی سەدر هەڕەشەی ئەوەیان كرد كە رێوشوێنی توند دژی حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران دەگرنە بەر ئەگەر کۆمیسارانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان نەگۆڕێن و یاساكەی هەموار نەکریتەوە.
هەر دوێنێ دوای داواكەی سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر سەبارەت بەئەنجامدانی خۆپێشاندانی یەك ملیۆنی بۆ گۆڕینی کۆمیسارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان، ژمارەیەكی زۆری لە لایەنگرانی سەدر لە پارێزگاكانی باشوورەوە روویان كردە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا.
خۆپێشاندەران لە دروشمەكانیاندا ئەوەیان خستووەتە روو كە "كۆمیسیۆن كەسانی نەشیاوی گەیاندووەتە دەسەڵات، بۆیە پێویستە بگۆڕدرێت"، "كۆمیسیۆنێك كە حزبەكان پێكیان هێناوە دەبێت بگۆڕدرێت"، "گۆڕینی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان داوایەكی گەلی عێراقە".
هەروەها لایەنگرانی سەدر لەو خۆپێشاندانەیان دەنگی ناڕەزایەتی دژی گەندەڵی و گەندەڵكاران لەناو حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز كردەوە و داوایان دەكرد ئەو کەسانەی بە گەندەڵییەوە تێوەگلاون، دادگایی بكرێن.
هاوكات هێزەكانی ئەمنی ئەو رێگەیانەی لە گۆڕەپانی تەحریرەوە دەچتە ناوچەی سەوز داخست و هەروەها رێوشوێنی ئەمنی توندیان لە دەوروبەری ناوچەی سەوز گرتووەتە بەر.
لای خۆیەوە نوێنەری سەدر لە خۆپێشاندانەكە، محەمەد كەعبی لە گوتەیەكدا رایگەیاند: "هەنگاوی داهاتوو لەبەردەم گەلی عێراق كراوە دەبێت، ئەگەر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە ئەندامان و یاساكەی نەگۆڕدرێن".
محەمەد كەعبی گوتیشی: "چاوەڕوانی هەنگاوی دیکە دەكەین ئەگەر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و یاساكەی نەگۆڕدرێن".
لای خۆیەوە ئەندامی لیژنەنی رێكخستنی خۆپێشاندانەکان، ناسر سەید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجمان لەم خۆپێشاندانە، چاكسازی و گۆڕانكاریی باشتر ئەنجام بدرێت و ئەگەر وەڵامی داواكارییەكانمان نەدرێتەوە ئەوە هەنگاوی توندتر دژی حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران دەگرینە بەر".
ناسر سەید گوتیشی: "رەوتی سەدر و لایەنگرانی ماوەی سێ مانگە داوای گۆڕینی کۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان و یاساكەی دەكەن، چونكە باوەڕمان وایە كۆمیسیۆن و یاساكەی كەسانی نەشیاوی دەگەیەننە دەسەڵات".
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ئاماژە بەوە دەكات كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی خاوێن و پاك دوور لە ساختەكاری شیاو نییە، چونكە بەرپرسانی كۆمیسیۆنەكە لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە دانراون و ئەوەش وا دەكات ئەو كۆمیسیۆنە زیاتر لە بەرژەوەندی ئەو حزبانە كارەكانی ئەنجام بدات.