Zana Natık Kerem
30 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2018
بەغدا ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن کرد و کۆبوونەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.
بە پێی روونکردنەوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی سیاسی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک دۆسیەی ھاوبەشی نێوان حکوومەتی فیدرال و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کران بە جۆرێک کە خزمەت بە یەکێتی و بەرژەوەندییەکانی عێراق بگەیەنێت.
لە روونکردنەوەکەدا ھاتووە؛ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە سەر گرنگی بەردەوامیدان بە پەیوەندیی و گفتوگۆکان تا ببێتە مایەی برەودان بە کاری نیشتمانی ھاوبەش، ئەوەش یەکخستن و چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بە ئامانجی بەدیھێنانی سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش، ھەروەھا ھاوکارییەکانی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، حەیدەر عەبادی و نێچیرڤان بارزانی جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنکی پاراستنی ھاوکارییەکانی نێوان ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە بۆ ئەوەی مەترسییەکان لە عێراق دوور بخرێنەوە.
لە روونکردنەوەکەدا ھاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا دیدو بۆچوونەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەو بەرەنگارییانەی کە رووبەڕووی وڵات بووەتەوە نزیکبووە و ھاورابوون کە دەبێت لە قۆناغی داھاتوو، ھەنگاو نان بێت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ کە خواست و داواکارییەکانی گەلی عێراق دەستەبەر بکات و ببێتە مایەی پشتیوانی لە ئابووری، ئاوەدانکردنەوە، پێشکەشکردنی خزمەتگوازییەکان و رەخساندنی دەرفەتی کار.