سياسەت, عێراق

بەشیر حەداد: "دەبێت سنوورێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەولێر دابنرێت"

Sarmand Hameed  | 13.09.2021 - نوێکردنەوە : 13.09.2021
بەشیر حەداد: "دەبێت سنوورێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەولێر دابنرێت"

Arbil

ھەولێر ــ AA

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە درۆنی بۆمبڕێژکراو دەکرێنە سەر هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند بەردەوامی ئەو هێرشانە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی لە تەواوی وڵات و بەزاندنی سەروەری نیشتمانیی.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، بەشیر حەداد لەبارەی ئەو هێرشەی کە شەوی رابردوو بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، رایگەیاند: ''دەبێت حکوومەتی فیدراڵی پێگیری جدی بکات لە بەرامبەر رووداوی هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەولێر و هاوکاری زیاتریش هەبێت لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بۆ کۆتاییهێان بە هەڕەشە ئەمنییەکان.

بەشیر حەداد جەختی لە ئاشکراکردنی ئەو لایەنانە کردووە کە لە پشت ئەو هێرشانەوە و رایگەیاندووە "دەبێت لایەنانەی کە لە پشت ئەو کارەوەن ئاشکرا بکرێن و لێپرسینەوە لەگەڵ تەواوی ئەو کەسانە بکرێت لە ئاسمان و زەوییەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و سنوورێکیش بۆ کۆتاییهێنانی هێرشە تیرۆریستییەکان دابنرێت".

شەوی رابردوو لە رێگای دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، ھێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر کە بەشێک لە ھێزەکانی ھاوپەیمانانی تیادا جێگیرکراوە.

پێشتریش گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، واین مارۆتۆ ئاشكرای كرد، ھێرشەکەی شەوی رابردوو بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر لە رێگای دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه‌وە ئەنجام دراوە.

واین مارۆتۆ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردبووەوە، شەوی رابردوو، بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و نووسیوویەتی: "فڕۆکەکان، لە لایەن سیستمی بەرگریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، خراونەتە خوارەوە. یەکێک لە فڕۆکەکان لە بنکەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و ئەوەی دیکەیش لە دەرەوەی بنکەکە کەوتووەتە خوارەوە".

ئاماژەی بەوەیشدابوو کە ھێرشەکە، زیانی گیانی و ماددەی لێ نەکەوتووەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın