Sarmand Hameed
13 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2021
بەغدا - AA
لە ئاکامی پەلامارێکی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی عێراق، سێ سەربازی سوپا کوژران.
ئەفسەر لە پۆلیسی پارێزگای دیالە، ملازم شەعلان کاملی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژمارەیەک تیرۆریستی داعش پەلاماری خاڵێکی هێزەکانی سوپای عێراقیان لە ناحیەی عوزێم سەربە قەزای خاڵس لە پارێزگای دیالە دا".
شەعلان کاملی گوتیشی: "لە ئاکامی پەلامارەکەدا سێ سەرباز کوژران و سەربازێکی دیکە برینداربوو".
راشیگەیاند، دوای گەیشتنی پشتیوانی سەربازیی بۆ شوێنی رووداوەکە، چەکدارانی داعش بەرەو شوێنکی نادیار هەڵاتوون.
تا ئێستا سوپای عێراق هیچ راگەیەندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، لە هێرشێکی هاوشێوەدا لە پارێزگای کەرکووک، سێ پۆلیسی سەربە هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی کوژران.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنترۆڵ کردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە هاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەی نێوان پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەددین (باکوور) و پارێزگای دیاله (رۆژھەڵات)، کە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.