Sarmand Hameed
12 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی سعوودیە لە عێراق، عەبدولعەزیز بن خالید شممەری كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سعوودیە تاوتوێ کران.
لە میانی دیدارەکەدا، باڵیۆزی سعوودیە جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە بە تایبەتی برەودان بە وەبەرهێنەرانی سعوودیە لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەشی بەوەدا کە سعوودیە بە بایەخەوە رۆڵی هەرێم هەڵدەسەنگێنێت وەک فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە و هەماهەنگیکردن بە ئاراستەی پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوولا.