Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند کە گرنگە مافی سەرجەم پێکھاتەکانی کەرکووک دوور لە پەراوێزخستن، جیاکاری و سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقع دەستەبەر بکرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ شاندی کەسایەتییەکانی قەزای داقوق و گوندی بەشیر سەربە پارێزگای کەرکووک کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە رەوش و گوزەرانی خەڵکی کەرکووک گفتوگۆکراوە و لەوبارەیەوە جەختکراوەتەوە لە گرنگیی بەھێزکردنی ئاسایش، ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە کەرکووک، ھەروەھا جەختکراوەتەوە لە پێویستی کۆتایی ھێنان بە دیاردەکانی دەستدرێژی و پەراوێزخستن و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان بەپێی خواستی ھەموو پێکھاتە رەسەنەکانی کەرکووک و لەوبارەیەوە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح گوتی:
"گرنگە مافی سەرجەم پێکھاتەکانی کەرکووک دوور لە پەراوێزخستن، جیاکاری و سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقع دەستەبەر بکرێت".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لای خۆیانەوە ئەندامانی شاندەکە روونکردنەوەیەکی وردیان سەبارەت بە رەوشی قەزای داقوق و گوندی بەشیر خستووەتەڕوو و لەوبارەیەوە بەرھەم ساڵح داواکردووە کە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی کەرکووک بەشێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر بکرێت، ھاوکات جەختیکردووەتەوە کە لەنزیکەوە چاودێری وردی رەوشی کەرکووک دەکات و ھەوڵەکانیشی بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی گرفتەکان کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکانی خەڵکی کەرکووک دەخاتەگەڕ، بەجۆرێک ببێتە مایەی دەستەبەرکردنی پاراستنی ئاسایش و مافی ھاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستیی ژیان بۆ خەڵکی کەرکووک.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن