هەولێر
بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پێنج ملیار دینارە ونبووەكەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و خستنەڕووی چەند كێشە و داواكارییەك، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و شاندێكی وەزارەت سەردانی وەزارەتی داراییان كردووە و لە لایەن رێباز محمد حەملان وەزیری دارایی و ئابوورییەوە پێشوازییان لێ کرا.
بە پێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە كۆبونەوەكەدا باس لە قەیرانی دارایی و كێشە و گرفتەكانی بەردەم حكوومەتی هەرێم كراوە و بەتایبەت ئەو ئاستەنگە داراییانەی بەردەم كارو چالاكی و پڕۆژەكانی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە رووی كارگێری و داراییەوە كە پەیوەستن بە وەزارەتی دارایی و ئابووری باسی لێ کراوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی داوای لە بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە کە هاوکاریی وەزارەتەکەیان بن بۆ دۆزینەوەی ئەو پێنج ملیار دینارە ونبووەكەی کەم ئەندامان.
لەبارەی چارەنووسی ئەو برە پارەیەی تایبەت بەخاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەو لێژنەیە كرد كە لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی پێكهێنراوە و بەدواداچوون لەوبارەیەوە دەكەن و داوایان لە وەزارەتی دارایی كردووە هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بدۆزرێتەوە و بۆ خزمەتی خاوەن پێداویستیە تایبەتییەكان تەرخان بكرێت.