سياسەت

به‌ره‌ی توركمانی: پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تێكمان ده‌وێت

- ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئایدن مه‌عروف رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم پۆستی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زاره‌تێك یان ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ كاروباری توركمان داواكاریی ئه‌وان له‌لایه‌نی براوه‌ ده‌بێت.

Hemn Baban  | 20.11.2018 - نوێکردنەوە : 21.11.2018
به‌ره‌ی توركمانی: پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تێكمان ده‌وێت

Arbil
ھەولێر - AA
ئایدن مەعروف رایدەگەیەنێت کە ئومێدی ئەوە دەکەن نموونەی خراپی بەغدا لە مامەڵەکردن لەگەڵ تورکمانەکان لە پێکھێنانی کابینەی حکوومەت نەگوازرێتەوە بۆ دروستکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە لە ھەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشداریکردنی تورکمانەکان لە پێکھاتە و کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگە و پێویستە نەتەوەی تورکمان بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسی و بەتایبەتیش لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم کە دەبێت نوێنەرایەتی راستەقینەی تورکمانەکان بەشداربن لەو کابینەیە، ئێمە وەکو بەرەی تورکمان نیازمان ھەیە بەشداربین لە پڕۆسەی سیاسی و لە کابینەی نوێی حکوومەت، بۆ ئەو مەبەستەش داواکارین پۆستی جێگرێکی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم بۆ تورکمان بێت بۆ ئەوەی تورکمان بەشێوەیەکی ئەکتیڤ بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسی و لە بڕیارە سیاسییەکاندا، ئێمە لە رابردووشدا داوامانکردبوو دەستەیەک یان وەزارەتێک بۆ کاروباری تورکمان یان لە پێکھاتەی حکوومەتدا ھەبێت بۆ ئەوەی تورکمانەکان بتوانن بەشێوەیەکی کارا و راستەقینە و وەکو نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان خزمەت بە میللەتی خۆیان بکەن".

مەعروف لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە" سەرباری پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، داواکارن وەزارەتێکی سیادی یان دەستەیەک بدرێت بە تورکمانەکان و ئەو دەستەیە یان ئەو وەزارەتە تایبەت بێت بە کاروباری تورکمانەکان".

لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پرس و راوێژ دەکەین و لەداھاتوویەکی نزیکدا کۆدەبینەوە لەگەڵ لایەنە تورکمانەکانی دیکە و ئامانجمان ئەوە دەبێت کە تورکمانەکان بەشداریی حکوومەت بن، ئێمە وای دەبینین پارتی دیموکراتی کوردستان کە کۆبوونەوەکانی دەست پێکردووە لەگەڵ لایەنەکان کۆ دەبێتەوە لەگەڵ ئێمەش کۆببێتەوە و، ئومێد دەکەین پارتی بەرگریی لە مافەکانی تورکمان بکات بۆ ئەوەی تورکمان لەچوارچێوەی حکوومەتدا نوێنەرایەتیی راستەقینەییان ھەبێت".

سەبارەت بە پێکھێنانی فراکسیۆنێکی تورکمانی کە ھەر پێنج کورسییەکەی کۆتای تورکمانەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆبکاتەوە، ئایدن مەعروف رایدەگەیەنێت، "ھیچ شتێک زەحمەت نییە و دەتواندرێت ھەموو لایەنە تورکمانییەکان لەیەک چەتردا کۆبکرێتەوە، ھەڵوێستی بەرەی تورکمانی روونە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەو لایەنە سیاسییە تورکمانانەی چی لە ناو پەرلەمان بن یان لەدەرەوەی پەرلەمان بن لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بێت یان عێراق، بە ئیرادەی خۆیان سیاسەت بکەن و نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بکەن، دەتوانین یەکڕیزی بپارێزین و پێکەوە کاربکەین و یەک فراکسیۆن بین لە پێناو مافەکانی تورکمانەکاندا".

ھەروەھا لەدرێژەی قسەکانیدا ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی روونیشی دەکاتەوە، "دەنگۆیەک ھەیە کە پۆستی یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆکی پەرلەمان بدرێت بە پێکھاتەی تورکمانی، ئێمە نازانیین بە کێ دەدرێت، بەڵام ئەم یەکێکە لە پۆستە گرنگەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەگەر ئەمە کرا داواکاریین لەنێوان پێکھاتەی تورکمان و کریستیانەکان بکرێت بە دوو ساڵ بە دووساڵ بۆ ئەوەی ھەردوو پێکھاتەکە نوێنەرایەتی خۆیان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەبێت، جیا لەوەی ئێمە لە حکوومەت داواکارییەکانمان بچەسپێت کە خۆی لە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ھەروەھا وەزارەتێک یان دەستەیەکی تایبەت بە کاروباری تورکمان".

دەربارەی ئەو مامەڵەیەی لایەنی شیعە و بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەھدی لەگەڵ تورکمانەکاندا دەیکات، ئایدن مەعروف ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە مامەڵەیەکی نا تەندروستە بەغدا لەگەڵ ئەوانی دەکات، ئەو لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت، "بەداخەوە حکوومەتی عێراق کە بەشێکی پێکھێنراوە و ھەندێکیشی ماوە، نا دادپەروەرییەکی زۆر بەرامبەر بە بەرەی تورکمانی و تورکمانەکان دەکرێت، بەرەی تورکمانی نوێنەرایەتی زۆرینەی پێکھاتەی تورکمانی دەکات و، بەدەنگی راستەقینەی خۆی چووەتە پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام ھێشتا ھیچ وەزارەتێک بۆ تورکمانەکان و بەتایبەت بەرەی تورکمانی تەرخاننەکراوە و، ئەمەش نادادییەکە بەرامبەر بە تورکمانەکانی عێراق پەیڕەو دەکرێت و، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت و ھیچ پۆست و وەزارەتێکمان پێنەدرێت، ئێمە رێگای دیکە دەگرینە بەر لەنێویاندا خۆپیشاندان، چونکە بەرەی تورکمانی پێکھاتەیەکی سەرەکییە و نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکھاتەی تورکمانی دەکات، ئێمە ئومێد دەکەین ئەو نموونە خراپە و نادادپەروەرییەی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە تورکمانەکان پەیڕەو دەکرێت لەکاتی دروستکردنی کابینەکەیدا نەگوازرێتەوە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".

















بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın