Hemn Baban
24 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2018
ھەولێر-AA
بەرەی تورکمانی بە ٧٠ کاندید لە چوار پارێزگای عێراق و یەک پارێزگای هەرێم کە پارێزگای هەولێرە بەشدارە.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی بەشدارییکردنی لیستەکەیان لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە ١٢ی ئایاری داھاتوو بەڕێوەبچێت رایگەیاند "بەرەی تورکمانی حزبێکی سەرەکیی عێراقە و نوێنەرایەتی زۆرینەی دەنگی تورکمانەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دەکات، ئومێد دەکەین بەدەنگێکی زۆر و کورسییەکی زۆرەوە بچینە پەرلەمانی عێراق، ئەوەش مافێکی سرووشتی تورکمانەکانی عێراقە، ئێمە دەمانەوێت لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگ و کورسییەکی زۆر بەدەست بھێنین بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی تورکمانەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش بکەین".
سەبارەت بە بەشدارییکردنیان لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ئایدن مەعروف روونیکردەوە کە چاوەڕوانن ١٠ کورسی بەدەست بھێنن و گوتی: "ئێمە لە کەرکووک بەشداریی ھەڵبژاردنەکانمان کردووە و لە ھەولێر بەشدارییمان کردووە و لە چەند شار و پارێزگایەکی تر لەگەڵ لیستەکانی غەیرە تورکمانی بەشدارییمان کردووە. ئێمە جگە لە کەرکووک و ھەولێر چاومان لەوەیە لە مووسڵ و تەلەعفەریش دەنگی باش بەدەست بھێنین، ئێمە لە پارێزگای کەرکووک پێشبینی دەکەین سێ کورسی بەدەست بھێنین و ئەوەش بۆ بەرەی تورکمانی دەنگێکی باش دەبێت، ھەروەھا لە پارێزگای مووسڵیش لەنێو لیستی دیکەدا چاوەڕوانین چوار کورسی بەدەست بھێنین و لە ھەولێریش کورسییەک بەدەست بھێنین و لە شارەکانی دیکەش یەک تا دوو کورسی بەدەست بھێنین، بۆیە ئێمە چاوەڕوان دەکەین ١٠ کورسی لە عێراق بەدەست بھێنی. ئێمە دەمانەوێت ئەو بۆشاییەی ھەبووە بەرەی تورکمانی پڕی بکاتەوە کە بۆ ھەموو عێراق بەگشتی و بۆ تورکمانەکانیش بەتایبەت بایەخی خۆی ھەیە".
سەبارەت بە نەخشەی سیاسیی کەرکووک و دابەشبوونی کورسییەکانی پارێزگاکە بەسەر پێکھاتەکاندا، ئایدن مەعروف پێشبینییەکانی حزبەکەی کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی شاری کەرکووک دەخاتە ڕوو و دەڵێت "لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە گۆڕانکاریی لە کەرکووک روویدا دەبێت ھەموو نەتەوەکانی کەرکووک باوەڕیان بە پێکەوەژیان ھەبێت و ھیچ نەتەوەیەک ناتوانێت نەتەوەکەی بەرامبەری بسڕێتەوە، بۆیە لەدوای ئەو رووداوانە پێشبینی دەکەین کە گۆڕانکاریی رووبدات لە دابەشبوونی کورسییەکان، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە کەرکووک شارێکی گرنگە و شاری پێکەوەژیانی نەتەوەکانە و دەبێت بەھەموو نەتەوەکان ئەو ھاوکێشەی پێکەوەژیانە دروست بکەن و ئەم شارە شارێکی ھەستیارە بۆیە دەبێت بە ھەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، سیاسەتی ئێمە ئەوەیە ھاوسەنگی سیاسیی لە کەرکووک ھەبێت و ھەموو پێکھاتەکان لە ھاوکێشەی سیاسی بەشدارببن".
ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی لە ھەولێر زیاتر لەسەر قسەکانی ژمارەی خستەڕوو لەمەڕ پێشبینییەکانی بەرەکەیان و گوتی: "بە پێشبینی ئێمە لە کەرکووک کە ١٢ کورسی ھەیە جگە لە کورسییەکی کۆتای مەسیحییەکان، ئێستا رکابەرایەتی لەسەر ١٢ کورسیی پارێزگاکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەیە، لایەنە سیاسییەکانی پێکھاتەی کوردی لە نێوان پێنج بۆ شەش کورسی، لایەنە سیاسییەکانی عەرەب چوار کورسی بەدەست بھێنین، بەرەی تورکمانی لەنێوان سێ بۆ چوار کورسی بەدەست بھێنین، بەڵام لەم ئەنجامانە گرنگتر ئەوەیە کە لایەنەکان بەشداریی پڕۆسەکە بکەن و ئەو دیموکراسییەتەی ھەیە بەرەو پێش بڕوات و نەبێتە ھۆکار بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و پێکھاتەکانی کەرکووک بە شێوەیەکی گشتی".
سەبارەت بە پۆستە ئیدارییەکانیش لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکەی ئایاری داھاتوو و ئەگەری گۆڕانکارییکردن تیایاندا بە رەچاوکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، ئایدن مەعروف گوتی: "ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان کاریگەریی لەسەر پۆستەکان نابێت. لە کەرکووک پێکھاتەی جیاجیا ھەیە، بۆیە دەبێت دابەشکردنی پۆستەکان بەیەکسانی بێت لە نێوان پێکھاتەکاندا و ستەم لە کەس نەکرێت".
ھەرچی پەیوەستە بە پڕۆژەی ھەرێمی سەربەخۆ کە ماوەیەکی زۆر لە راگەیاندنەکانەوە وەکو چارەسەر بۆ دۆخی کەرکووک تەماشا دەکرا و بەرەی تورکانی داکۆکیکارێکی سەرسەختی پڕۆژەکەیە، ئایدن مەعروف گوتی: "پڕۆژەی ھەرێمی سەربەخۆ بۆ کەرکووک پڕۆژەی بەرەی تورکمانی و تورکمانەکانە کە کەرکووک بکرێت بە ھەرێمێکی سەربەخۆ بۆ ئەوەی بەیەکسانی ھەموو پێکھاتەکان بەشدارییان هەبێت لە پڕۆسەی سیاسی و ئیداریی شارەکەیاندا".
لەکۆتایی قسەکانیدا ئایدن مەعروف لەبارەی لیستی بەرەی تورکمانییەوە گوتی: "لەسەر ئاستی عێراق بە نزیکەی ٧٠ کاندید بەشداریی لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین. لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، ھەولێر و بەغدا کاندیدمان ھەیە. لە چەند پارێزگایەک بە لیستی بەرەی تورکمانی و لە پارێزگای دیکەش لەگەڵ لیستی دیکە دابەزیوین".
بەرەی تورکمانی بۆ پارێزگای کەرکووک کە بەسەربەخۆ بەشداریی ھەڵبژاردنەکان دەکات ٢٤ کاندیدی ھەیە و لە پارێزگای ھەولێر پێنج کاندیدیان ھەیە و ئامانجیان ئەوەیە لە ھەولێر یەک کورسی بەدەست بھێنین وەکو ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونیکردەوە.