Hemn Baban
13 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2018
ھەولێر - AA
بەرەی تورکمانیش لە پاڵ گۆڕان، یەکگرتوو، ھاوپەیمانی، کۆمەڵ و حزبی شیوعی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن رەتدەکاتەوە.
لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامە نیمچە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئەم مانگە و توڕەبوونی چەندین لایەنی سیاسی بەتایبەت لەمەڕ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم و کەرکووک، بەرەی تورکمانیش ھاتووەتە سەر ھێڵ و گومانی لە ئەنجامەکان لە ھەرێم و کەرکووک بەتایبەت ھەیە.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف لەوبارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە کەمی رێژەی دەنگدان و ساردیی بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسەیە و ھۆکارەکانی رایدەگەیەنێت "لەبارەی کەمی رێژەی دەنگدانەوە یەکێک لە ھۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکانی دەنگدان کە کێشەی گەورەی لێکەوتووەتەوە، ھەروەھا بۆ بوونی گەندەڵی لە ھەڵبژاردنەکاندا، لەگەڵ ئەوانەشدا لەماوەی چوار ساڵدا قەیرانێکی دارایی قووڵ و نەبوونی خزمەتگوزاری وایکرد کە خەڵک بەو رێژەیەی پێویستە نەچن بۆ دەنگدان و بەشداریی وەکو پێویست لە پڕۆسەکەدا نەکەن".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئێمە رامانگەیاندووە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن رەتدەکەینەوە بە نموونە لە کەرکووک بەتایبەت لە ناوچە تورکماننشینەکان رێژەی بەشداریکردنی تورکمانەکان زۆر بووە، بەڵام شەوی رابردوو کە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنمان بینی پێچەوانەی نیشان دا و ئەوەی دەرکەوت وا نەبوو، بۆیە ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی رامانگەیاندووە کە ئەنجامی ئەلیکترۆنی ھەڵبژاردنەکان رەتدەکەینەوە".
گوتیشی: "پێویستە دەنگەکان وەکو پێشتر بەدەست و یەک بەیەک بژمێردرێت و ئەم داواکارییە تەنھا داواکاریی ئێمە نییە، بەڵکو چەندین لایەنی دیکە ئەمەیان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە و ئەو داوایەی ئێمەیان ھەیە".
ئایدن مەعروف پێشی وایە لەم ھەڵبژاردنەدا جارێکی دیکە ناھەقی لەبەرامبەر تورکمانەکان کراوە بەتایبەت لە پارێزگای کەرکووک.
لەبارەی ئەو قسانەشی لەسەر تۆمەتبارکردنی وڵاتێکی ھەرێمیی لەم ھەڵبژاردن دەکرێت، ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی دەڵێت "بەڵێ بەتایبەت دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەندێک لایەنی سیاسیی دڵتەنگ بوون و دیارە کە گۆڕانکارییەکە چۆن بەخراپی لەسەرییان دەبێت، ئەمە راستییەکە، ھەروەھا لە لایەکی دیکەوە ھەموو کەس دەزانێت کە عێراق لەژێر کاریگەریی وڵاتێکی ھەرێمییە، بۆیە بوونی گەندەڵی لە ھەڵبژاردنەکەدا شتێکی شاردراو نییە و ئەنجامەکان بەو شێوەیەیە کە زۆر لایەنی توڕەکردووە".