Hemn Baban
25 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2019
ھەولێر - AA
بەرەی تورکمانی وای دەبینێت کە پەیوەندیی لە نێوان رووداوەکەی ناو بەرەی تورکمانی لە ھەولێر و تەقەکردن لە بارەگای پارتێکی تورکمانی لە کەرکووک و تەقەکردن لە بارەگاکانی پارتی لە سلێمانی و یەکێتی لە ھەولێر، ھیچ پەیوەندییەکیان بەیەکترەوە نییە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەی ئەم ھەفتەیە، بەدیاریکراوی کاتژمێر دوای یەکی بەرەبەیانی ٢٢ی ئەم مانگە ژمارەیەک چەکدار کە جلی یەکێکیان سەربازییە ھێرش دەکەنە سەر پاسەوانە بێ چەکەکانی بەرەی تورکمانی و دووانیان بریندار دەکرێن و یەکێکیان بەھۆی ٢٤ تەقەڵی سەرییەوە برینەکەی و ئازارەکانی قورسن، لەمبارەیەوە ئاژانسی ئانادۆڵو وردەکاریی زیاتری ئەو ھێرشە لەسەر زاری بەرپرسی لقی ھەولێری بەرەی تورکمانی عێراقی، ئەمیر عیزەت بڵاودەکاتەوە.
سەبارەت بە رووداوەکە بەگشتی ئەمیر عیزەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "بەرەبەیانی رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە کاتژمێر نزیک بە یەک و ١٠ خولەک شۆفێرێکی تەکسی لە بەردەم بارەگای بەرەی تورکمانی ویستی میز بکات، پاسەوانێکی بەرەی تورکمانی پێی گوتبوو کە ئەو کردارە کارێکی جوان نییە و بڕوات لە شوێنێکی دیکە ئەو کارە بکات، دیار بوو شۆفێرەکە سووربوو لەسەر ئەوەی کە لە بەردەم بارەگا ئەو کارەی بکات، ئیدی نازانیین ئەو شۆفێرە سەرخۆش بووە یان نا، دوای ئەوە شۆفێرەکە دەڕوات و دوای ماوەیەک کەسێکی دیکە لەگەڵ خۆی دەھێنێتەوە و دەیەوێت شەڕ بە پاسەوانانی بەرە بفرۆشێت و ئیدی دەمەقاڵێ و شەڕ لە نێوان ئەو دوو کەسە و دوو پاسەوانی ئێمە روویدا و لەکۆتاییدا ئەوان رۆیشتن".
ھەروەھا گوتیشی: "دوای نزیکەی نیو کاتژمێر شۆفێرەکە پێنج چەکداری لەگەڵ خۆیدا ھێنابوو، یەکێکیان جلی سەربازیی لەبەردابووە، یەکێکیان جلی کوردی و ئەوانی دیکەش جلی ئاسایی مەدەنی و ھاتوونەتە سەر پاسەوانەکان و ناو بارەگا و ھێرشییان کردووەتە سەر پاسەوانەکانمان کە یەک فەرمانبەری پرسگە و چوار پاسەوانمان ھەیە ئێمە، ئیدی شەڕ روویداوە، ئەگەرچی ئێمە پاسەوانەکانمان چەکیان پێ نەبووە و بێ چەکن، بەڵام بەھەموویانەوە ھێرشبەرەکان لە پاسەوانەکانییان داوە و فیشەکیشیان راکێشاوە و دوای لێدان چوون".
ئەمیر عیزەت کە دەیگوت ئەوان ھیچ شیکردنەوەیەکی سیاسیی بۆ ئەو پرسە ناکەن گوتیشی: "کێشەکە کێشەیەکی سیاسیی نییە و مۆرکی سیاسیی لەپشتەوە نییە، بەڵکو رووداوێکی کۆمەڵایەتییە"، لەگەڵ ئەوەشدا بە گلەیی-یەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت "بارەگای حزبە سیاسییەکان حورمەت و کەسایەتی خۆی ھەیە و لەژێر ئەمنییەتی ھێزەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە، قبوڵکراو نییە کۆمەڵە چەکدارێک لەبەر دەمەقاڵێیەک بە چەکەوە بێنە سەر بارەگای حزبێک و بە جلی سەربازیشەوە، ئەمەیە کە ئێمەی نیگەران کردووە، راستە کێشەکە سیاسیی نییە، بەڵام دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، ناکرێت مرۆڤ لەسەر بچوکترین شت بکوژرێت، پێشتر لەسەر فول لایتێک لەسەر شتی تری وەکو رووداوی ئۆتۆمبیل خەڵک دەکوژرێت کە ئەمە ئاسایی نییە".
ھەروەھا ئەوەشی زیادکرد "رووداوەکە تەقەکردنی تیایدا نەبووە بەھیچ شێوەیەک، بەڵام چەکی تیادا بەکارھاتووە بۆ لێدان لە پاسەوانەکانی ئێمە بە قۆنداغی تفەنگ، دوو پاسەوانی ئێمە برینداربوون و برینی یەکێکیان زۆر سەختە بەناوی رەسول-ە کە بە ٢٤ تەقەڵ سەری دووراوەتەوە و ئەوی دیکەشیان بە قۆنداغی تفەنگ گیانی ئازاری پێگەیشتووە".
سەبارەت بە بوونی پەیوەندیی رووداوەکەی ھێرشکردنە سەر بەرەی تورکمانی لە ھەولێر و تەقەکردن لە حزبێکی تورکمانی لە شاری کەرکووک لەھەمان رۆژدا، بەرپرسەکەی بەرەی تورکانی لە شاری ھەولێر دەڵێت "باوەڕناکەم ئەو دوو رووداوە ھیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە ھەبێت، ئێمە ئەوەی بۆمان ناخۆش بوو ئەو ھێرشەیە بەچەکەوە، دەبێت ئەو راستییەش بڵێین کە بەتەقە ھێرش نەکرایە سەر ئێمە و درەنگیش بەیاننامەمان بڵاوکردەوە، چونکە لە راستییدا پێمان ناخۆش بوو بەو شێوەیە و بەچەکەوە ھێرش بێنە سەرمان".
ئەو گوتیشی: "لە پۆلیس و ئاسایش سکاڵامان تۆمارکردووە، دوو سکاڵامان تۆمارکردووە لەدژی ئەو کەسانەی کە ھێرشەکەیان بۆسەر ئێمە ئەنجامدا، تاوەکو ئێستاش بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لەو پێنج ھێرشبەرە تەنھا یەکێکیان دەستگیرکراوە، ئەوانی دیکە بەدوایاندا دەگەڕێن بەپێی لێدوانی پۆلیس".
بەرپرسەکەی بەرەی تورکمانی عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت "ئێمە چاوەڕێی ئەو رێوشوێنە یاساییانەین کە دژی ئەو ھێرشبەرانە بگیرێتە بەر و داوای ئەوە دەکەین مافی یاسایی ئەو پاسەوانە بریندارانەمان بپارێزرێت، چونکە بەچەک ھێرش کراوەتە سەریان، ھیوادارین ئەو رووداوە دووبارە نەبێتەوە، ئەگەرچی ئەوە زۆر بووە لە ھەرێم خەڵکی چەکدار لە بچوکترین کێشەدا پەنا دەبنە بەر چەک".
لەمەڕ ئەوەی بۆچی پاسەوانەکانیان چەکیان پێ نەبووە لەو کاتەی ھێرشبەرەکان ھێرشییان کردووەتە سەریان، ئەمیر عیزەت وەڵامی داینەوە و دەڵێت "بارەگاکەی ئێمە لە لایەن کۆمپانیایەکی سیکویریتییەوە دەپارێزرێت، ئەو کۆمپانیایە ھێشتا سەرقاڵی مۆڵەت دەرھێنانە، بۆیە ئەو پاسەوانانەش بێ چەک بوون تا ئەو کاتەی ئەو مۆڵەتە دەدرێت بە کۆمپانیاکە".
لە ئەگەری بوونی پەیوەندی یان نەبوونی لە نێوان رووداوەکانی تەقەکردن کە لەو چەند رۆژەدا لە سلێمانی و لە ھەولێر روویاندا کە بەتەقەکردن لە بارەگای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەستیپێکرد و دواتر تەقەکردن لە کۆمیتەکانی چوار و پێنجی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ھەولێر زەقتر بوویەوە، بەرپرسەکەی بەرەی تورکمانی عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕواناکەم ئەو ھێرشکردنەی سەر ئێمە پەیوەندیی بەو رووداوانەوە ھەبێت، ئەمە بۆ یاسا جێ دەھێڵێن بزانیین ئەوان چی دەڵێن، بەڵام دیاردەیەکی زۆر ناشرینە تەقەکردن لە بارەگاکان، پێشتر بارەگاکان دەسوتێنران کە زۆر ناشرین بوو، بۆیە داواکارین ئەو رووداوانە بنبڕبکرێن".