Hemn Baban
02 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2016
هەولێر
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی عەبدوڵڵا وەرتێ دەڵێت ریفراندۆم پێویستی بە یەكڕیزی نیشتمانی و و هەماهەنگی و زەمینەسازییە، ئەگەر ئەوانە بكرێن هیچ كەس نییە دژی بێت.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە سەعات 2:30 رابەڕی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عێراق عیرفان عەبدولعەزیز و شاندێكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی حزبەكەی سەردانی مەكتەبی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامییان لە شاری هەولێر كرد كە سەرباری ئەمیری كۆمەڵ عەلی باپیر ژمارەیەك لە سەركردایەتی ئەو حزبە لە پێشوازی شاندی میواندا بوون.
كۆبوونەوەكەی رابەڕی بزووتنەوە و شاندەكەی لەگەڵ ئەمیری كۆمەڵ و سەركردایەتی ئەو لەكاتێكدا دێت پێشتر رابەڕ و بزووتنەوەی ئیسلامی دەستپێشخەرییەكییان بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنەكانی كوردستان هەبوو لەپێناو بەگەڕخستنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و كۆبوونەوەی حزبەكان كە بەهۆی چەند كێشەیەكی وەكو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هی تریش حەوت مانگ دەبێت پەرلەمان پەككەوتووە، پێش سەردانەكەی ئەمڕۆی بۆ لای كۆمەڵی ئیسلامی رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی سەردانی هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیشی كرد و ئەمڕۆ لە پاش سەردانیكردنی یەكگرتووی ئیسلامی چوونە لای كۆمەڵی ئیسلامیش.
لەگەڵ سەركەوتن بە قادرمەكانی خانووەكەی ئەمیری كۆمەڵ دواتر هەردوو لا دانیشتن میوان و خانەخوێ، قسەكانیشیان بە باسكردنی كەش و هەوا دەست پێ كرد، رابەری بزووتنەوە باسی لە گەرماكەی هەولێر كرد و ئەمیری كۆمەڵیش پێی گوت كە سلێمانی فێنكترە، دواتر روویان لە وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێم عەبدولستار مەجید كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیشە و یەكێك بوو لە پێشوازیكارانی كۆمەڵ لە شاندەكەی بزووتنەوە، عەلی باپیر پێی گوت ئەمساڵ بارانی باش باری و ئەوەش لە قازانجی ئێوەیە، وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی باران لە سوودی جوتیاراندایە كە راستەوخۆ بە وەزارەتەكەی ئەو سەركردەیەی كۆمەڵەوە هەیە.
پاش كۆبوونەوەیەكی یەك سەعاتی گوتەبێژانی هەردوو حزبەکە لە قادرمەكاندا هاتنە خوارەوە و بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەی چاوەڕوانی ئەمیری كۆمەڵ و رابەڕی بزووتنەوەی ئیسلامی بوون و لەبری ئەمان قسەیان بۆ رۆژنامەنووسان كرد و باس و خواستەكانی كۆبوونەوەكەیان دركاند.
گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی رێبوار حەمەد لە لێدوانێكدا لە بەردەم دەزگاكانی راگەیاندندا گوتی: "كۆبوونەوەكەمان بەگشتیی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كرد و باسمان لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكان كرد، ئەوەشی سەبارەت بەهەرێمی كوردستانیشە پێمان وایە بارودۆخی هەرێمی كوردستان پێویستی بە ئیرادەیەكی جددییە بۆ چارەسەر، باسمان لە جەختكردنەوە لە هەڵوێستی خۆمان لەگەڵ برایانی بزووتنەوەی ئیسلامیش كرد لەوەی كە بارودۆخی دوو رۆژی عێراق دەبێت پاڵنەرێكی بەهێز بێت بۆ ئەوەی نێوماڵی خۆمان رێكبخەینەوە و هەنگاوی جددی بنێین بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و جووڵاندنەوەی پرۆسەی سیاسی و كاراكردنەوەی حكوومەت بەشێوەیەك بتوانێت رووبەڕووی قەیرانەكان ببێتەوە".
سەبارەت بە بارودۆخی بەغداش گوتی: "پێمان وایە دەبێت سەركردایەتی كورد پێداچوونەوە بە بەشداریی كورد لە بەغدا و مانەوە و نەمانەوەی لە بەغدا و دەبێت لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆی جددی لەوبارەیەوە بكەن".
پاشان گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی عەبدوڵڵا وەرتێ گوتی سەردانیان بۆ لای كۆمەڵی ئیسلامی لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوە و سەردانانە دێت كە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەردوو لا و هەروەها ئاساییكردنەوەی بارودۆخی هەرێم و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆیە لە نێوان لایەنە ناكۆكەكان.
ئەو زیاتر دوا و گوتیشی: "ویستمان جارێكی تر حەرەكەیەك بدەینەوە بە پرۆسەی سیاسی هیچ نەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان و كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئێستا پەرلەمانی عێراق كەوتووەتە ژێرهەڵمەتی خۆپیشاندەران و پێمان وایە پێویست دەكات هێزە سیاسییەكانی كوردستان هیچ نەبێت كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی نێوان لایەنەكان ئەنجام بدرێت بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسی عێراق و وەلانانی دووبەرەكی و ناكۆكی نێوخۆی و یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردی".
سەبارەت بە ریفراندۆمیش، وەرتێ گوتی: "ریفراندۆم پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەییە، مافێكی یاسایی و دەستووری خەڵكی كوردستانە، ئەوەش پێویستی بە یەكڕیزی نیشتمانی و لایەنەكانی كوردستانە، پێویستی بەهەماهەنگی دروستكردنە، ئەمەش زەمینەسازی دەوێت ئەگەر ئەوە بكرێت هیچ كەس نییە دژی ئەوە بێت".
وەرتێ گوتیشی ئەو پرسانەی پەیوەندیی بە عێراق و هەرێمی كوردستان و ژیانی خەڵكی كوردستانیشەوە هەیە لەو كۆبوونەوەیە باس كراوە".
گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی رێبوار حەمەد لەبارەی بۆچوونی حزبەكەیانەوە لەسەر ریفراندۆم بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: "ریفراندۆم و مەسەلەی كورد لە بەغدا هەنگاوی یەكەم پێویستی بە رێكخستنەوەی ماڵی كورد هەیە، هەروەها پرسی ریفراندۆم پێویستە لەرێگە دامەزراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان زەمینەسازی بۆ بكرێت و هەنگاوی جددی لەو رووەوە بۆ بنێین. بۆیە مەسەلەی ئامادەكاری بۆ ریفراندۆم یان پرسی مانەوە و نەمانەوەی كورد لە بەغدا دەبێت تاوتوێ بكرێت. ئێستا كورد میوانە لە بەغدا و ئەوەش پێویستە سەركردایەتی كورد چاوی پێدا بخشێنێتەوە".
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە دەبێت لایەنەكان قوربانی بە هەندێك لە بەرژەوەندییەكانی خۆیان بدەن بۆ گەیشتن بە بەرژوەندییەكانی نەتەوەییمان.