بەڕێوەبەری پرۆژەكانی كۆمپانیاكە دەڵێت دەبێت ئەو ژمارە و داتایانەی ئەوان پێیگەیشتوون لەلایەن حكوومەتەوە بایەخی پێبدرێت و بە گرنگ تەماشا بكرێت.
كۆمپانیای "Nish research" راپرسییەك سەبارەت بە "رازیبوونی عێراقییەكان لە ژیانییان" ئەنجام دەدات و ئەنجامەكەشی لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە هۆتێل شیراتۆن لە شاری هەولێر بڵاو دەكاتەوە، راپرسییەكە لە شەش شاری عێراق كە بەغدا و نەجەف و بەسرا و هەولێر و سلێمانی و دهۆك ئەنجامدراون.
راپرسییەكە لە شەش بەش پێكدێت ئەوانیش، ئامانجەكانی راپرسی، شێوازناسی و نموونەكان، تایبەتمەندی دیمۆگرافی، ئەنجامەكان/ رازی بوون، ئەنجامەكان/پێشبینی كردن، ئەنجامەكان/ میدیا.
لە پێشەكی راپۆرتی راپرسییەكەدا هاتووە عێراق لە كۆتا 35 ساڵی رابردوو رووبەڕووی چەندین لێكترازان بووەتەوە، ژێرخانە كۆمەڵایەتییەكەی هەمیشە لە هەوڵ دابووە سەر لە نوێ پێكهاتەی وڵات دابڕێژێتەوە، لە ئەنجامەكاندا دەردەكەوێت رێژەی 48 لەسەدی دانیشتووانی عێراق كە 18 ملیۆن كەس دەكات لە هەبوونی دەرفەتی گونجاودا وڵات جی دەهێڵین.
راپرسییەكە لە رێگەی چوون بۆ ماڵەكان و بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و هەروەها بەشێوازی رووبەڕوو (CAPI) ئەنجام دراوە، دابەشكردنی نموونەكانیش لەسەر بنچینەی رێژەی دانیشتووان بووە لەهەر شارێك، هەروەها گرنگی بە رێژەی دانیشتووانی هەر گەڕەكێكیش دراوە.
راپرسییەكە لە شەش شاری عێراق ئەنجامدراوە ئەوانیش "بەغدا، بەسرا، نەجەف، هەولێر، سلێمانی، دهۆك"ن و فۆرمەكانیش كە هەزار و 205 فۆڕم بوون بەمشێوەیە دابەشكراون بەشێوەیەك 784 فۆڕمییان بەسەر دانیشتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و 421یشیان دانیشتووی هەرێمی كوردستان بوون، دابەشكردنی فۆرمەكانیش بەم شێوەیە بوون هەولێر 185 فۆرم و سلێمانی 111 فۆرم و دهۆكیش 125، هەروەها لە بەغداش 482 و لە بەسرا 180 و لە نەجەفیش 122 فۆڕم دابەشكراون.
شار ژمارەی فۆڕمەكان رێژەی لەكۆی گشتی
بەغدا 428 40
بەسرا 180 15
نەجەف 122 10
هەولێر 185 15
سلێمانی 111 9
دهۆك 125 10
هەروەها رێژەی ئەوانەی لە رەگەزی مێ وەڵامییان داوەتەوە 48 لەسەد و نێریش 52 لەسەد بووە كە بڕی 583 فۆڕم بۆ یەكەمیان و 622 یان بۆ دووەمیان بووە.
كۆمپانیای "Nish research" لە ساڵی 2007ەوە مامەڵە لەگەڵ بازاڕی عێراقدا دەكات و لە ساڵی 2009 یەكەم كۆمپانیای توێژینەوەیان لەسەر ئاستی عێراق دامەزراندووە و لە ساڵی 2011 نووسینگەیەكی دیكەیان لە كۆمپانیاكە هێناوەتە عێراق، یەكێكە لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كە تایبەتە بە لێكۆڵینەوە راپرسی و لەسەر ئاستی عێراق تا ئێستا چەندین توێژینەوە و راپرسیی ئەنجام داوە و لەسەر داوای لایەنێكی دیاریكراویش راپرسی ئەنجامدەدات، بەڵام ئەم راپرسییەیان لەسەر داوای هیچ لایەن یان دامەزراوەیەك نەبووە.
بەڕێوەبەری پڕۆژەكان لە كۆمپانیای "Nish research" لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەر راپرسییەكە گوتی: "ئێمە وەكو كۆمپانیای نیش ریسێرچ ئەمە ساڵی یەكەممانە لێكۆڵینەوەیەك لەسەر بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی عێراق كە لەرێگەی ئەو توێژینەوە ویستوومانە بەشێوازێكی زانستی لەرێگەی وەرگرتنی شەش شاری عێراق و راوەرگرتنی هەزار و 205 هاووڵاتی عێراق كردووە و گەیشتووینەتە ژمارەیەك داتا كە دەبێت حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بە جیددی وەریبگرن و كاری لەسەر بكەن".
لە راپرسییەكەی كۆمپانیای "Nish research" ئەوە دەردەكەوێت 27 لەسەدی دانیشتوانی هەرێم هیچ كێشەیەكیان نییە لەوانەی وەڵامییان داوەتەوە، 17 لەسەدیش كێشەی بێكارییان هەیە و 16 لەسەدیش كێشەی ئابووری، 7 لەسەدیش كێشەی خێزانی و 7یش كێشەی نەبوونی خانوو "واتە كرێچێتی".
هەرچی لە عێراقە 26 لەسەدی ئەوانەی وەڵامییان داوەتەوە كێشەی ئابووری، 15 لەسەدیش كێشەی بێكاری و 12 لەسەدیش كێشەی تەندروستی و 10 لەسەدیش كێشەی خوێندن و 8 لەسەدیش كێشەی ئاسایش و تیرۆر.
هەروەها لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی گەورەترین كێشە بەلای تۆوە چییە؟ ئەوانەی لە هەرێمی كوردستانن و وەڵامیان داوەتەوە رێژەی 36 لەسەدیان كێشەی داعش و تیرۆر و 15 لەسەدیان گەندەڵی و 11 لەسەد ململانێی سیاسی و 8 لەسەد دۆخی ئەمنی و 5 لەسەد بێكاری، هەرچی دانیشتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن ئەوا 32 لەسەدییان كەمی و خراپی خزمەتگوزاری و 24 لەسەدیش كێشەی ئاسایش و تیرۆر و 8 لەسەد گەندەڵی لە حكوومەت و 8 لەسەد كێشەی كارەبا و 5 لەسەدیش بێكارییە.
لەبارەی رازی بوون لە داهاتەكانیشیان، رێژەی 22 لەسەدی عێراقییەكان بەزەحمەت داهاتەكانییان بەشیان دەكات و 43 لەسەد دەڵێن ئاستی رازی بوونییان لەداهاتكانییان ناوەندە و 25 لەسەدیش بە ئاسانی لە داهاتەكانییان رازیین.
لەبارەی گەشبینی بۆ ئایندە، رێژەی 60 لەسەد ئەوانەی وەڵامییان داوەتەوە گەشبینن، بەڵام 22 لەسەد گەشبین نیین و 6 لەسەدیش بەهیچ شێوەیەكیش گەشبینین نیین، رێژەی تەنها 12 لەسەدیش زۆر گەشبینن.
كۆچكردنی عێراقییەكان كە چەند ساڵێكە رێژەیەكی زۆری تۆماركردووە و لە دوای داگیركردنی چەند ناوچەیەكی عێراق لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەو رێژەیە هەڵكشاوە رێژەی ئەوانەشی ئارەزووی كۆچكردن لە عێراق بۆ وڵاتێكی تر لە ئەگەری بوونی دەرفەتێكی گونجاودا دەكەن بریتیین لە 48 لەسەد كە ئەو رێژەیەش زۆر مەترسیدارە، هەرچی ئەوانەشە كە ئارەزووی كۆچكردن دەكەنەوە لەسەر ئاستی شەش شارەكە ئەوا بەمشێوەیە بووە، لەنەجەف 70 لەسەد ئارەزووی كۆچكردنییان هەیە و لە سلێمانی 59 و لە بەغدا 53 و لە بەسرا 51 و لە دهۆك 30 لەسەد و لە هەولێریش 24 لەسەد بوون.
دڵزار قادر لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە نموونە 48 لەسەدی ئەوانەی ئێمە بۆچوونمان وەرگرتووە لە هەلێكدا ئارەزوو دەكەن عێراق بەجێ بهێڵن، ئەوە رێژەیەكی مەترسیدارە هەم بۆ خودی عێراق و هەم بۆ خودی ئەو وڵاتانەی كە بۆی كۆچ دەكرێت، چونكە رەنگە ببێـتە هۆی تێكچوونی بارودۆخی ئەوانیش".
ناوبراو روونیشیكردەوە "ئێستا رێژەی بێكاریش بەهۆی بارودۆخی عێراق بەرەو زیادبوونە چی لەسەر ئاستی باشوور و ناوەڕاست و چی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش بێت، بۆیە دەبێت ئەو ئەنجامانەی ئێمە پێیگەیشتووین بە گرنگ وەربگیرێت و لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بایەخی تەواوییان پێ بدرێت، چونكە هەندێك ژمارە پێگەیشتووین كە مەترسیدارن".
هەروەها ئەوانەشی كە ئارەزووی هەلێك دەكەن بۆ ئەوەی لە وڵاتێكی تر بژیین لە هەرێمی كوردستان 35 لەسەد و لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیش 55 لەسەد بوون، لە هەرێمی كوردستان هاوڵاتییان زیاتر ئارەزووی ژیان لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریكا، وڵاتانی ئەورووپی، فەڕەنسا وەكو پێنج وڵاتی یەكەم دەكەن، هەرچی لە عێراق ئەوا توركیا لە ریزبەندی یەكەمی ئەو هاووڵاتییانە دێت كە دەیانەوێت تێیدا بژیین و پاشان سوید و ئینجا ئیمارات و پاشان بەریتانیا و دواترسش ئەمریكا دێت.
لەبارەی هۆكارەكانی كۆچیشەوە ئەوا لەو راپرسییەی كۆمپانیای "Nish research" ئەوە دەردەكەوێت كە رێژەی 46 لەسەدی هاوڵاتییانی عێراق دەیانەوێت وڵاتەكەیان بەجێ بهێڵن بۆ ئەوەی بەدوای شوێنێكی ئارام و كاركردندا بگەڕێن، واتە دەیانەوێت خۆشی لە ژیان ببینن و دڵیان خۆش بێت، رێژەی 19 لەسەدیشیان بەهۆی دۆخی ئاسایش و ئەو كێشانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە ئارەزووی كۆچ كردن لێی دەكەن، 14 لەسەدیش لەبەر بێكاری و 10 لەسەد بەهۆی دۆخی ئابووری و 10 لەسەدیش بۆ تەواوكردنی خوێندن.
لەكۆتایی راپرسییەكە لەبارەی ئەو سەرچاوە هەواڵییانەی كە زیاتر باوەڕپێكراون لەلای عێراقییەكان پرسیار كراوە و دەركەوتووە رێژەی 48 لەسەد هێشتا باوەڕیان بە تیڤییەكان و 19 لەسەد بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و 7 لەسەد بە رۆژنامە و 5 لە سەد بە شتی تر هەیە وەكو سەرچاوەی هەواڵ، رێژەی 21 لەسەدیش باوەڕییان بەهیچییان نییە.
هەروەها رێژەی 68 لەوان فەیسبووك و 51 لەسەد ڤایبەر و 44 یوتیوب و 42 لەسەد گۆگل و 26 لەسەد ئینستیگرام و 22 لەسەد یاهو و 18 لەسەد سكایپ و 17 لەسەك تویتەر بەكاردەهێنن.
لەكۆتاییدا كۆمپانیای "Nish research" گەیشتووەتە ئەوەی كە پوختەیەك لەسەر راپرسییەكە دیار بخات و لەوێدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە بە پشت بەستن بە ئەنجامەكانی راپرسییەكە عێراق سێ كێشەی سەرەكی هەیە ئەوانیش، ئابووری و بێكاری، ئاسایش و تیرۆر، كەمی و خراپی خزمەتگوزارییەكانن.
news_share_descriptionsubscription_contact

