Mohammed Baqi Hussein
28 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2016
مه‌ترسیی برسیەتی چاوه‌ڕوانی دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی شاری حه‌له‌ب ده‌كات كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د و هاودهستهكانیهوه گه‌مارۆدراون و له‌ژێر بۆردومانی چڕدان.
مه‌ترسیی گیانله‌ده‌ستدانی 300 هه‌زار دانیشتووی حه‌له‌ب له‌برسان له‌ئارادایه كه ماوه‌ی چوار مانگه له گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی حه‌له‌ب له‌ژێر گه‌مارۆدان، به‌تایبه‌ت دوای كردنه ئامانجی عه‌مباره‌کانی خۆراك له دواین هێرشه‌كاندا.
دوای كردنه ئامانجی عه‌مباره‌کانی خۆراك رێكخراوی مانگی سوور و ئه‌و رێكخراوانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا چالاكییان نیشانده‌دا، خۆراك به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می كردووه و ته‌نها دوو بۆ سێ نانەوانخانە كارده‌كه‌ن. هاوكات نانەواخانەکان كێشه‌ی نه‌بوونی سووته‌مه‌نی رووی تێ كردوون.
لهلێدوانیاندا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو خه‌ڵكی حه‌له‌ب ده‌ڵێن، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه بۆردومانه‌كان لهناوینهبردوون، به برسیەتی له‌ناوده‌چن.
عه‌بدوڵڵا حهلهبو كه كار بۆ رێكخراوه خێرخوازییه‌كان ده‌كات ده‌ڵێت، ئه‌و پێداویستییانه‌ی ده‌گاته ناوچه‌كه به‌پێی پێویست نین.
حهلهبو گوتی: "ئه‌و یارمه‌تییانه‌ی گه‌یشته ناوچه‌كه له سێ مانگی یه‌كه‌مدا ته‌واوبوون. به‌ڕاستی دۆخه‌كه زۆر خراپه و ناشاردرێته‌وه كه رۆژ به‌ڕۆژ خراپتریش ده‌بێت".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا کە كردنه ئامانجی عه‌مباره‌كان دۆخه‌كه‌ی خراپتر كردووه و گوتی: "له‌ژێر گه‌مارۆدا خۆراك زۆر گرانە. بۆ مانه‌وه له‌ژیاندا هه‌ر تاكێك بۆ بژێویی ژیانی خێزانه‌كه‌ی پێویستیی به لانیكه‌م 20 دۆلار هه‌یه".
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هه‌فته‌ی رابردوو رایگه‌یاند، عه‌مباره‌كانی خۆراك له حه‌له‌ب به‌تاڵن و گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه كه له‌ژێر گه‌مارۆدان یارمه‌تیی مرۆییان پێنه‌گه‌یشتووه.
رژێمی ئه‌سه‌د له 4ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه گه‌مارۆی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی حه‌له‌بی داوه كه له‌ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندان و نزیكه‌ی 300 هه‌زار كه‌سی سڤیلی تێدا نیشته‌جێیه.
ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییه سڤیلانه‌ی له خۆرهه‌ڵاتی شاری حه‌له‌بی باكووری سووریا له‌ئه‌نجامی هێرشه ئاسمانییه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د و هاودهستهكانیدا تا ئێستا گیانیان له‌ده‌ستداوه گه‌یشتووه‌ته 613 كه‌س و نزیكه‌ی 300 هه‌زار كه‌س له 30 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌دا گه‌مارۆدراون.