Mohammed Baqi Hussein,Muhammet Ali Kemal
28 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2016
ژماره‌ی ئه‌و هاووڵاتییه مەدەنیانەی کە له خۆرهه‌ڵاتی شاری حه‌له‌بی باكووری سووریا له‌ئه‌نجامی هێرشه ئاسمانییه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د و هاودهستهكانیدا گیانیان له‌ده‌ستداوه، گه‌یشتووه‌ته 613 كه‌س و نزیكه‌ی 300 هه‌زار كه‌س له 30 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌دا گه‌مارۆدراون.
ماوه‌ی 13 رۆژه هێزه‌كانی رژێمی سووریا و هاوده‌سته‌كانی هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی حه‌له‌ب كه له‌ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندایه.
به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌رگریی مه‌ده‌نیی حه‌له‌ب، ئیبراهیم ئه‌بو له‌یس له‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند، له‌ڕۆژی هه‌ینییه‌وه تا ئێستا 105 كه‌سی مەدەنی کوژراون و ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ئه‌نجامی هێرشه‌كاندا کوژراون له 508ه‌وه بۆ 613 كه‌س، به‌رزبووه‌وه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو له خۆرهه‌ڵاتی حه‌له‌ب له فه‌رمانده‌كانی ئۆپۆزسیۆن وه‌ریانگرتووه، ئۆپۆزسیۆن له هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی كشاونه‌ته‌وه كه تا كاته‌كانی نیوه‌ڕۆ كۆنترۆڵیانكردبوو.
به‌وپێیه گه‌ڕه‌كه‌كانی سه‌حور، شێخ فارس و شێخ خزر كه‌وتووه‌ته ده‌ستی رژێمه‌وه.
هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوودا له‌ئه‌نجامی پێكدادانیان له‌گه‌ڵ چه‌كداره شیعه‌كانی لیوای قودس كه له‌لایه‌ن ئێران و رژێمی سووریاوه پشتگیری‌یان ده‌كرێت له گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌نانۆ، جه‌به‌ل به‌درۆ، به‌دیعی، عه‌ین ئەتهل و ئه‌رز حه‌مرا كه ده‌كه‌ونه خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه كشابوونه‌وه.
هه‌روه‌ها سوپای رژێم و چه‌كداره شیعه‌كان گه‌ڕه‌كه‌كانی ئینزارات و حه‌یده‌رییه-یان كۆنترۆڵكردبوو.
هاوكات هێزه‌كانی په‌یه‌ده به‌شی باشووری گه‌ڕه‌كه‌كانی بوستان باشا و خولوق-یان كۆنترۆڵ كرد. به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی گه‌ڕه‌كی خولوق-یش كه‌وته ده‌ستی رژێمه‌وه.
رۆژی 15ی تشرینی دووه‌م که هێرشه چڕوپڕه‌کان ده‌ستیان پێ‌کرد، هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن رووبه‌ری 45 کیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌بوو، به‌ڵام له‌ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا 15 کیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یان له‌ده‌ستداوه.
له‌ئێستاشدا 300 هه‌زار که‌سی مەدەنی که له‌خۆرهه‌ڵاتی حه‌له‌ب ده‌ژین، له‌و 30 کیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌دا قه‌تیس ماون.
ئه‌بو له‌یس رایگه‌یاند ''دوێنێ سه‌ختترین رۆژی مێژووی حه‌له‌ب بوو. هیچ گه‌ڕه‌کێک نه‌ما که بۆردومان نه‌کرێت. هه‌زاران خێزان له‌ناوچه‌کانی باکووری خۆرهه‌ڵاته‌وه که که‌وتووه‌ته ده‌ست هێزه‌کانی رژێم بۆ ناوچه‌کانی خۆرئاوا که به‌ده‌ست هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌یه کۆچیان کرد. ئه‌و خێزانانه بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێک له‌گه‌ڵ خۆیان بهێنن کۆچیان کردووه و له‌کۆڵانه‌کاندا ده‌ژین''.
گوتیشی: ''ئه‌مڕۆ له‌سه‌رله‌به‌یانی زووه‌وه تا ئێستا زیاتر له 200 هێرشی ئاسمانیی ئه‌نجامدراون و له‌هه‌ریه‌ک له گه‌ڕه‌که‌کانی کهلـلـهسه و سه‌ڵاحه‌ددین ژماره‌یه‌کی زۆر له‌هاووڵاتییان له‌ژێر داروپه‌ردووی خانووه رووخاوه‌کاندان''.
پارێزگای حه‌له‌ب دوای دیمەشق دووەمین گه‌وره‌ترین پارێزگای سووریایه. ناوه‌ندی شاره‌که 40 کیلۆمه‌تر له تورکیاوه دووره. خۆرئاوای شاره‌که به‌ده‌ست رژێم و خۆرهه‌ڵاتی حه‌له‌ب له‌ژێر کۆنترۆڵی هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆندایه. به‌پێی زانیاریی و ئاماره‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی حه‌له‌ب خۆرهه‌ڵاتی حه‌له‌ب که 300 هه‌زار که‌سی لێ ده‌ژی و له‌ژێر گه‌مارۆی هێزه‌کانی رژێمدایه، ماوه‌ی 95 رۆژه هاووڵاتییان بێبه‌شن له سه‌ره‌تاییترین پێداویستییه مرۆییه‌کان. له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا هه‌موو نه‌خۆشخانه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی حه‌له‌ب به‌هۆی بۆردومانه‌کانه‌وه وێران بوون و خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستییان تێدا پێشکه‌ش ناکرێت. ته‌نها 3 نانەوانخانە له شاره‌که بوونیان هه‌یه و هه‌موو خوێندنگه‌کانی شاره‌که داخراون.