Haydar Karaalp
06 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2018
به‌غدا - AA
به هۆی رووداوه‌كانی به‌سره، موقته‌دا سه‌در داوای دانیشتنی به‌په‌له‌ی په‌رله‌مانی عێراقی كرد به ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكوه‌زیران، حه‌یده‌ر عه‌بادی و وه‌زیرانی ناوخۆ، ته‌ندروستی و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و داوای كرد كه ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه له دانیشتنه‌كه‌دا ئاماده نه‌بن واز له پۆسته‌كانیان بهێنن.
سه‌در له گوتارێكی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا سه‌باره‌ت به گرژیه‌كانی شاری به‌سره و ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی به هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری، بێكاری و گه‌نده‌ڵی ئه‌نجامده‌درێن، داوای كرد دره‌نگترین كات تا رۆژی یه‌كشه‌ممه دانیشتنی بهپهلەی په‌رله‌مان ئه‌نجامبدرێت.
سه‌در گوتی: "ده‌بێت سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیرانی ناوخۆ، ته‌ندروستی و سه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌شداری له‌و دانیشتنه‌دا بكه‌ن. ئه‌گه‌ر به‌شداری ناكه‌ن به‌په‌له واز له پۆسته‌كه‌یان بهێنن".
سه‌در داوای كرد حه‌شدی شه‌عبی و هێزه چه‌كداره‌كان و پارته سیاسییه‌كان ده‌ست له رووداوه‌كانی به‌سره وه‌رنه‌ده‌ن و گوتی: "ره‌نگه ژمارەیەک هه‌نگاومان له‌باره‌ی رووداوه‌كانی به‌سره هه‌بێت كه به خه‌یاڵی كه‌سدا نه‌یه‌ت و عه‌رشی ئه‌وانه بهه‌ژێنێت كه گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن".
سه‌در باسی له‌وه كرد كه له‌كاتێكدا به‌سره به‌ده‌ست بێ ئاوی و خزمه‌ته‌وه ده‌ناڵێنێت هه‌ندێ له به‌رپرسیاران خۆیان به هاوپه‌یمانی گه‌وره‌ی حكوومه‌ته‌وه سه‌رقاڵ كردووه و بانگه‌وازی له حكوومه‌ت كرد و رایگه‌یاند كه پێویسته له باره‌ی ئاو له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ رێككه‌وتن بكات.
ئێواره‌ی دوێنێ له به‌سره گرووپێك له خۆپیشانده‌ران ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌یان تیپه‌ڕاند كه هێزه ئه‌منیه‌كان دروستیان كردبوون و ئاگریان له بینای شاره‌وانی به‌ردا.
خۆپیشانده‌ران رۆژی پێشتر چووبوونه بینای پارێزگا و ئاگریان تێبه‌ردابوو. له‌و رووداوانه‌شدا حه‌وت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 40 كه‌سیش برینداربوون. به‌و هۆیه‌وه فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌سره هاتوچۆی له شاره‌كه قه‌ده‌غه‌كرد.