سياسەت, عێراق

بافڵ تاڵەبانی: "دواجار بەناچاری بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا"

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی دوای گرژی و ناکۆکییەکانی چەند رۆژی رابردووی لەگەڵ هاوسەرۆکەکەی دیکەی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی سەردانی مەزاری مام جەلال-ی کرد لە دەباشان و پەیامێکی بڵاوکردەوە.

Hawkar Yaseen  | 15.07.2021 - نوێکردنەوە : 16.07.2021
بافڵ تاڵەبانی: "دواجار بەناچاری بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا"

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی دوای گرژی و ناکۆکییەکانی چەند رۆژی رابردووی لەگەڵ هاوسەرۆکەکەی دیکەی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی سەردانی مەزاری مام جەلال-ی کرد لە دەباشان و پەیامێکی بڵاوکردەوە.

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا کە خۆی وەک سەرۆکی یەکێتی ناساندووە رایگەیاندووە "ئەمڕۆ ھاتوومەتە حزورت تا لە نزیکەوە خۆم راستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەھیدان، رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک".

راشیگەیاندووە "دواجار بەناچاری دوای ھەوڵی بەردەوامم و کۆشش لەپێناو یەکێتییەکەمان و پارێزگاری لە رێبازی راست و رەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە، لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبوون، بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا، دەست خرابووە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران، بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکوومەت دەکرا تاوەکو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن، قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە، دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نووسەران، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ھەمووی بەھەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لەبەرامبەر یاساشکێنان".

بافڵ تاڵەبانی لە کۆتایی پەیامەکەشیدا رایگەیاندووە "ئەمڕۆ لەسەر مەزارەکەت بەڵێن دەدەین یەکێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین، جەخت دەکەمەوە داھاتووی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ کەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکیتر سیخوڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکوومەت و رێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن و دەبێت لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای زانیاری لەخزمەت ئاسایشی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ کاروکاسبی و ژیانی ھەمووان، بەڵێن بێت بەڵێن لەئاست گەورەیی یەکێتی و سەروەری خاکی ھەرێم بم بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی خەڵک و بەرژەوەندی گشتی و یەکێتییەکان و تێکۆشەران و کەسوکاری شەھیدان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın