سياسەت

بارزانی و كۆنسولی ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌

- سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌سعود بارزانی و كۆنسولی گشتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌ و باسی دۆخی سووریا و باسی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکانی عێراق کرا.

Hemn Baban  | 09.10.2019 - نوێکردنەوە : 10.10.2019
بارزانی و كۆنسولی ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌

Arbil

هه‌ولێر - AA
مه‌سعود بارزانی و كۆنسولی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان، ستیڤ ڤیگن كۆبوویه‌وه‌.
به‌پێی ماڵپه‌ڕی مه‌سعود بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا لەبارەی دۆخی سووریا و ئەگەری روودانی شەڕ و کارەسات گفتوگۆی ورد و راشكاوانە کرا و بارزانی جارێکی تر نیگەرانیی قوڵی خۆی لە ئەگەری روودانی کارەسات بۆ کوردی سووریا دەربڕی و داوای کرد ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ پاراستنی گەلی کورد رۆڵی خۆیان ببینن.
هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ مه‌سعود بارزانی لەو دیدارەدا روونیکردەوە کە گەلی کورد لە چوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردا قوربانی زۆری داوە و ئێستا چاوەڕوانییان لە ئەمریکا و هاوپەیمانان و کۆمەڵی نیودەوڵەتی هەیە رێگە نەدەن بە بەرچاوی ئەوانەوە گەلی کورد تووشی کارەساتی تر بێت و لەو بارەیەوە بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە سەرشانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
هەر لە دیدارەکەدا باسی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکانی عێراق کرا و مەسعود بارزانی روونیکردەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین داواکارییە شەرعییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن لە هەمانکاتدا دژی ئەوەین بەرپرسیارێتیی گەندەڵییەکانی رابردوو بخرێتە ئەستۆی حکوومەتی ئێستا و کەسانێکی هەڵپەرست کە خۆیان بەرپرسی دۆخەکەن، ئێستا بۆ دژایەتیی سەرۆکوەزیران بیانەوێ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و لەوبارەیەوە پشتیوانیی خۆی بۆ حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی دووپاتکردەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın