Hemin Hüseyin
06 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2017
هەولێر- AA
بە مەبەستی را گۆڕینەوە لەسەر پڕۆسەی ریفراندۆم، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لەگەڵ نوسەران و هونەرمەندان، لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا کۆبووەوە و تێیدا گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پڕۆسەی ریفراندۆم و ھۆکارەکانی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان کە ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی دا و بە بڕیارێکی مێژوویی و بوێری پێناسە کرد و رایگەیاند کە ھەموو لایەک دڵنیادەکەمەوە پاشەکشێی لێ ناکەین و لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامدەدرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا گوتی: "لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای شەراکەت لەگەڵ عێراق رێککەوتوون، بەڵام چەندینجار بنەمای شەراکەت پێشێلکراوە و ئەمەش هەڵەی گەورەی ئێمە بوو کە چووینەوە بۆ بەغدا و بەشداری حکوومەتمان کرد، بەڵام لەلای هەموومان روونە کە کورد لە بەغدا خۆشەویست نیە، بۆیە درێژەدان بەم شێوە سیاسەتکردنە کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت لە عێراق".
بارزانی گوتیشی: "ئێمە حەز دەکەین بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا پرسەکان یەکلابکەینەوە، بۆ ئەوەی ھەردوولامان ئیسراحەت بکەین، دەستووری عێراقیش رێگەمان پێ دەدات بڕیاری جیابوونەوە بدەین و ئایندەی خۆمان بە میزاجی کەس نابەستینەوە، داوای دەوڵەتێک بۆ ھەموو پێکھاتەکان دەکەین لە کوردستان.
ئێمە کە دەڵێین دەوڵەتی کوردستان، مەبەستمان لەوەیە دەوڵەتێک بۆ ھەموو پێکھاتەکانی کوردستانە، واتا ھەموو نەتەوەکان بەشداردەبن لە نووسینەوەی دەستووری دەوڵەتی کوردستان و ھەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی نەتەوەکانی دیکە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی دووپاتیکردەوە کە پڕۆسەی ریفراندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "هەندێک کەس باسی دواخستنی ریفراندۆم دەکات و گوایا سازش لەسەر ئەو پڕۆسەیە دەکەین، دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم کە بەهیچ شێوەیەک ئەم پڕۆسەیە دواناخرێت و لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، دەبێت زۆر کراوەبین بەرامبەر بە یەکتر و نابێت رێگە بدرێت رەگەزپەرستی و جیاوازی هەبێت، دەبێت دەوڵەتێکی مۆدێرن بێت و پاشان بۆخۆتان دەتوانن هەرچۆنێک بتانەوێت دایبڕێژنەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە حکوومەتی عێراق ٥٥ ماددەی دەستووری پێشێلکردووە و ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمی بە کارێکی ئاسایی و یاسایی زانی و تیشکی خستە ئەوەش کە رۆژی ٢٩ـی ئەیلوول، واتا رۆژی بە دەوڵەتبوون و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "رۆژی ٢٥ـی ئەیلوول رۆژی بە دەوڵەتبوونی کوردستانە و دوای ئەو پڕۆسەیە هەندێک رێککاری یاسایی وەکو پرسی ئاو و سنوور و هەندێک تەوەری دیکە کە دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەین".
دوای گوتارەکەی بارزانی، دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و هونەرمەندان و نوسەران را و پێشنیازەکانییان خستەڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی سیستەمی دەوڵەتی داهاتوو، لەبەرامبەریشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی ئەوەی پێدان کە مافی هەموو پێکهاتەکان دەستەبەر دەکرێت.
بەشێک لە پێشنیازەکان و داواکارییەکان ئەوە بوو کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری کەرکووک بکات و، لە وەڵامدا مەسعود بارزانی گوتی: "بڕیارە لەم چەند رۆژە لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆببینەوە و بە دڵنیاییەوە کەرکووک شارێکی کوردستانییە کە هەموو پێکهاتەکانی کورد و تورکمان و عەرەب لەخۆ دەگرێت".
لە کۆتاییشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتی: "بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان هەموو مەرجەکانمان هەڵگرتووە و دەمانەوێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بەشداری کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن".