Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
سەرپەرشتیاری ھەڵمەتەکە و بەڕێوەبەری دەروازە بوتیک، بڕوا جەمال لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "ھەڵمەتەکە ماوەی چەند رۆژێکە دەستی پێکردووە و ھەڵمەتێکی نیشتمانی ئاشتیخوازانەی قازانج نەویستی سەربەخۆیە لە لایەن کۆمپانیای دەروازەوە راگەیەنراوە، ھەر کەس و لایەنێک لە خۆ دەگرێت کە بڕوای تەواو و قوڵی بە ئاشتەوایی نیشتمانی ھەیە بە ئامانجی رەواندنەوەی ئەو تەمومژ و لێکتێنەگەیشتن و قەیرانانەی لە ئێستادا ھەن، ئامانجمان ئەوەیە ھەڵمەتەکە ببێتە سەکۆیەک بۆ لێک نزیککردنەوەی لایەنەکان و وەلاوەنانی کێشە و گرفتەکانیان و پێکەوە ھەنگاو نان بەرەو ئامانجە نیشتمانییەکان".
ئەو گوتی: "ئێمە لە روانگەی بڕوا بوونمان بە چەمکی ئاشتی و پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانییەوە کار بۆ ئەم ھەڵمەتە دەکەین و لەو بڕوایەدان ھیچ کەس و لایەنێک دژ بەم پرۆسەیە نین و کلیلی چارەسەری زۆربەی کێشە و گرفتەکانە، ھەڵمەتەکە چەندین چالاکی و کاری خۆبەخشانە دەگرێتەوە و ھەوڵ دەدەین زۆرترین کەسایەتی و لایەنی سیاسی نیشتمانی و دیموکرات و ئاشتیخواز و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەشدار بێت بۆ ئەوەی زۆرترین دەرەنجامی ئاشتیخوازانەی لێ بکەوێتەوە".
کۆمپانیای دەروازە کە تایبەتە بە دروستکردنی خانووبەرە، بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی ھەڵمەتەکە بڕیاریداوە بە تەرخانکردنی پرۆژەی دەروازە بوتیک (بوتیکی پۆشاکی فرە براندە) کە تیایدا کۆبۆنێکی تایبەت بە ناوی "بەڵێ بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی" لە چاپ دراوە بە رێژەی سەد هەزار دانە و بەسەر کەسوکاری شەھیدانی شەڕی دژ بە داعش، پێشمەرگە، مامۆستایان، ئاسایش، پۆلیس و ھەر کەسێکی تر کە بڕوای بە ئاشتەوایی ھەبێت دابەش دەکرێت.
سەرپەرشتیاری ھەڵمەتەکە گوتی: "ھەڵگری ئەم کۆبۆنە دەتوانێت بە بڕی ٣٢$ واتە ٤٠ هەزار دیناری عێراقی پۆشاک ھەڵبژێرێت وەک دیارییەک لە دەروازە بوتیک، بەمەش سەرمایەی تەرخانکراو بۆ ئەم ھەڵمەتە کە لە لایەن "کۆمپانیای دەروازە"وە دەبەخشرێت دەکاتە " سێ ملیۆن و دوو سەد ھەزار دۆلار" بەرامبەر بە چوار ملیار دیناری عێراقی".
سەرپەرشتیارانی ھەڵمەتەکە خوازیارن ئەم ھەڵمەتە ببێتە ھاندەری زیاتر بۆ خێراترکردنی ئەو ئاماژە و ھەنگاوە ئەرێنی یانەی بەرەو ئاشتەوایی نیشتمانی دەبات و ھەموو لایەک بە دەنگێکی بەرز بەڵێ بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی بکەن.