Muhammet Ali Kemal
06 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2017
ئەنقەرە- AA
سوپای سووریای ئازاد ئاشکرای کرد لەسەر ''فەرمان''ی پشتیوانانیان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، دەستیان بە کشانەوە لە بیابانی سووریا کە دەکەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە و لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان پاککردووەتەوە، کردووە.
گوتەبێژی گرووپی ئەحمەد عەبدۆ کە کاریگەرترین گرووپی ناوچە بیانییەکانە، سەید سەیف لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوەکرد لە ژووری عەمەلیاتەوە کە ناوەندەکەی لە ئوردنە و لە لایەن ئەمریکاوە دامەزرێنراوە، فەرمانی ئەوەیان پێدراوە کە ''لە ناوچەکە بکشێنەوە''.
سەید سەیف رایگەیاند ''لەو ناوچەیەی کە داعش کشابوویەوە، چەکدارانی شیعە هەوڵی پێشڕەوییان دا. هاوپەیمانان سێ جار هێرشیان کردە سەریان، بەڵام هەمووی لە پێناو پاراستنی سەربازە ئەمریکی و نەرویجییەکان لە تانیف بوو. لە بیابان، لەو جێگەیەی ئێمەی لێبووین و دەجەنگاین، هیچ پشتیوانییەکیان نەکردین''.
سەیف باسی لەوەکرد لەماوەی رابردوودا هێزەکانی رژێم و ئەو میلیشیایانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێن لەسەر رێگەی دیمەشق-بەغداوە جووڵەیان کردووە و هاتوونە سەر سنووری سووریا-ئوردن.
گوتەبێژی گرووپی ئەحمەد عەبدۆ راشیگەیاند:
''لە ئێستادا کۆنترۆڵی نزیکەی ١٣٠ کیلۆمەتریان لەسەر سنووری سووریا-ئوردن لە خۆرهەڵاتی سوەیدا، کردووە. زۆر پڕچەکن و پشتیوانیی رووسیایان هەیە. کەمپی حەدالات چۆڵدەکەین کە پێنج هەزار هاووڵاتیی سڤیلی تیادا دەژی. دەیانگوێزینەوە بۆ خێوەتگەی روکبان لەسەر سنوور. پنتاگۆن گرەنتی ئەوەی داینێ کە پارێزگاریی لە کەمپی روکبان کە دەکەوێتە نزیک تانیف، دەکات''.
هاوکات لەو نامەیەدا کە بۆ هەریەک لە گرووپەکانی جەیش ئوسود شەرقییە و ئەحمەد عەبدۆ نێردراوە و کۆپییەکی دزەی پێکراوە بۆ نێو راگەیاندنەکان، ئاماژە بەوەکراوە فەرمانی کشانەوەکە، بە مەبەستی درووستکردنی ناوچەیەکی دابڕێنراو لە چەک لەسەر سنووری ئوردن، دراوە.
لە ناوچەی بیابانیی بادیەدا کە بەشێک لە هەریەک لە پارێزگاکانی حومس، دەرعا، سوەیدا و دێرازۆر دەگرێتەوە، دوو گرووپی کارای سەربە سوپای سووریای ئازاد بوونی هەیە.