Hawkar Yaseen
08 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، خالێکی دیکەی بۆ کارنامەی دانیشتنی ژمارە 3ی خولی پاییزەی پەرلەمان زیاد کرد و بەپێی خاڵی چوارەمی کارنامەکە ئەمرۆ، عومەر عەبدوڵڵا فەتاح محمەد ناسراو بە عومەر گوڵپی لە شوێنی سۆران عومەر پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوەی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان سوێندی یاسایی دەخوات و دەبێتە ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
عومەر گوڵپی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی خاڵی چوارەم لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی کوردستان، بەندە سوێندی یاسایی دەخوات لە شوێنی برای بەڕێزم سۆران عومەر کە دەستی لەکارکێشایەوە من دەستبەکار دەبم، کاری ئێمەش لە پەرلەمان بە ئامرازە پەرلەمانییەکانە پشتیوان بەخوا لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنانەی کە داومانە بە خەڵک لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لەسەر ئەو ستراتیجییەتە بەردەوام دەبین، بەتایبەت ئەرکی زۆر گرنگمان چاودێریکردنی کارەکانی حکوومەت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە، هەروەها کارکردنە بۆ ئەوەی بە ئامرازە پەرلەمانییەکان دادگەری کۆمەڵایەتی بەدەست بهێنین کە ئێستا کێشەی گەورە لە کوردستاندا نەبوونی دادگەری کۆمەڵایەتییە، گرووپێک لە خەڵک لە چین و توێژی سەرەوەی کۆمەڵگا ژیان و گوزەرانیان لە ئاستێکی زۆر باش و بەرزدایە و لەبەرامبەردا، چینی خوارەوەی کۆمەڵگا کە بەڕاستی لە ئاستێکی زۆر خراپی ژیاندان، ئەو نێوەندە زۆر زۆرە ئەبێت حکوومەت و پەرلەمان و ئێمە کاربکەین بۆئەوەی ئەو نێوەندە کەمبێتەوە و ژیانی هاووڵاتییانی هەژار باشتر بێت و پشتگیری لەو کەسانە بکەین کە پێویستیان بە ژیانێکی باشتر هەیە، ئەوەیش بە ئامرازە پەرلەمانییەکان بە چاودێریکردنی حکوومەت بە دەرکردنی یاسا و ناچارکردنی حکوومەت کە داهاتەکەی شەفاف بێت بوودجەی هەبێت دێتە دی، پشتیوان بەخوای گەورە ئێمە وەک پەرلەمانتار بەو ئاراستەیە کاردەکەین و بەڵێنی خۆمان بەدڵسۆزی و راستگۆیی دەهێنینە دی".
دەربارەی ئەوەی سۆران عومەر پێشتر دەستی بۆ هەندێک مەلەفی گەندەڵی دەبرد و زیاتر کاری لەسەر ئەو کەیسانە دەکرد، ئەمیش لەسەر هەمان ریتمی کردکردن بەردەوام دەبێت، گوتی:
"کاک سۆران رۆڵێکی زۆر گەورەی هەبوو یەکێک لە باشترین پەرلەمانتارەکان بوو چ لەم خولە و چ لە خولی پێشوو، کار و ماندووبوونی وەک پەرلەمانتار جێگای رێزە، ئەگەر رۆژێک پەرلەمان مەدالیای رێزلێنان ببەخشێت بە پەرلەمانتاری سەرکەوتوو، ئەوا دەبێت پێشەنگەکەیان کاک سۆران بێت، بۆیە بەدڵنیایییەوە ئەوە لای ئێمە وەک فراکسیۆنی کۆمەڵ ستراتیجییەتی کارکردن بۆ دژایەتی گەندەڵی، من بەر لەوەی هیچ پۆست و بەرپرسیارێتی وەربگرم لە ساڵی 2011 دیراسەم هەیە لەسەر گەندەڵی هۆکارەکانی و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی و چارەسەرەکانی و بەرپاکردنی چاکسازیی، زۆر بەڕوونی باسم لەو دۆخە کردووە لە کوردستاندا کە چەند مەترسیدارە و چۆن دەبێت چارەسەر بکرێت، لەبەر ئەوە بەدڵنایییەوە ئەوە یەکێک دەبێت لەو دۆسیانەی زۆر بە جددی کاری لەسەر دەکەین و لەو ئەرکەدا کەمتەرخەمی ناکەین و رووبەڕووی گەندەڵکاران دەوەستینەوە".
عومەر گوڵپی ئێستا بەڕێوەبەری گشتی چاودێرى و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتییە لە پارێزگاى سلێمانى، دەربارەی ئەو پۆستە و جێگرەوەی ئەو لە پۆستەکەدا گوتی: "ئەو پۆستە پشک و بەرکەوتەی کۆمەڵی ئیسلامییە لە ئەنجامی کۆتا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەپێی رێککەوتنی هەرچوار لایەنی کۆمەڵ، یەکگرتوو، گۆڕان و یەکێتی تا ئێستا هەر چوارلایەنەکە رێزیان لەو رێککەوتنە گرتووە و لە داهاتووش هەروا رێککەونەکە رێزلێگیراو دەبێت تاوەکو هەڵبژاردنێکی دیکە و ئەو پۆستە هەر لای کۆمەڵ دەمێنێتەوە و کۆمەڵی ئیسلامی کەسێکی دیکە بەپێی یاسا و رێنمایی دەست نیشان دەکات بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکە".
ئەو گوتیشی: "لەئێستادا کەسەکە دیاری نەکراوە کێ پۆستەکە وەردەگرێت، کۆمەڵی ئیسلامی سەرقاڵی وەرگرتنی سیڤییە بۆئەوەی کەسێکی شایستە دەست نیشان بکات".