Ramal Abdullah Mahmood
22 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2017
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "رۆژی ھەینی لە قودس کە رۆژێکی پیرۆزە لەلای موسڵمانان، پۆلیسی قودس و سەرباز و گشت ھێزە ئەمنییەکان لەو شوێنە ھێرشیان کردە سەر موسڵمانان و نزیکەی ٣٥٠ کەس برینداربوون، بەپێی دوائاماریش سێ کەس شەھیدبوون".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی دۆڵمەباخچەی شاری ئیستانبوڵ بەشداری لە ئێوارە خوانێکی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی "تەندروستی لە ئەفریقا"، کرد.
لەبارەی بارگرژییەکانی قودس دوێنێ سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "ئەو خەڵکە بەمەبەستی ئەنجامدانی پەرستشەکانیان و ئەنجامدانی نویژی هەینی چوونەتە ئەوێ (مزگەوتی ئەقسا). ناتوانیت بەوانە بڵێی تیرۆریست. ئێمە هەرگیز بەو جولەکانەمان نەگوتووە تیرۆریست کە دەچنە پەرستگاکانیان لە تورکیا. ئێوە چۆن شتی وا دەکەن؟ ئێمە لە روانگەی باوەڕمانەوە ئەو تێڕوانینە قبوڵ ناکەین و بە توندی لە دژی دەوەستینەوە. ئەمە بابەتێکی دیکەیە بەڵام ئێوە واز لە خەڵک بهێنن با بە ئازادانە پەرستسی خۆیان ئەنجام بدەن. گوتم دانانی ئامێری ئەلیکترۆنی پشکێنەر کارێکی باش نییە. گوتیان 'ئێمە دەمانەوێت خەڵک بە ئازادانە پەرستشی خۆی ئەنجام بدەن بەڵام بۆ ئەوەی خەڵک لەوێ نەکرێتە ئامانج ناچاربووین ئەو رێوشوێنە بگرینە بەر'. هەرچەند پێداگیریشمان کردەوە گوتیان 'ئەوەی لەدەستمان بێت کەمتەرخەمی ناکەین' بەڵام لەو پەیوەندیە تەلەفۆنییەی ناتانیاهو و سەرۆکی ئەو وڵاتە لەگەڵ من ئەنجامیان دا، کێشەیەکی دیکە دروستبوو بە داخەوە بەمجۆرە دەست لە گردبوونەوەکە وەردرا".