Ramal Abdullah Mahmood
22 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2017
کابوڵ – AA
لە ئاکامی هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر ویلایەتی ھێلمەند باشووری ئەفغانستان، هێزە خۆجێیەکانی سەر بە هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان کرانە ئامانج و ١٢ سەرباز کوژران.
بریکاری ئەنجوومەنی شورای هێلمەند، بەشیر شاکر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، کە ماوەی چەند رۆژێکە ئۆپەراسیۆن لە دژی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە قەزای گیریشک بەردەوامە و یەکەکانی ئەمریکاش لە ئاسمانەوە پشتیوانی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن.
شاکر ئاماژەی بەوەدا کە ئێوارەی دوێنێ فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ئەو ناوچەیەیان بۆردومان کردووە کە هێزە خۆجێیەکانی لێن، بەپێی زانیارییە بەراییەکان، ١٢ سەرباز گیانیان لەدەستداوە.
گوتەبێژی ویلایەتی هێلمەند، عومەر زواک رایگەیاند کە هەوڵەکان بەردوامن بۆ هێنانەدەرەوەی تەرمی سەربازان لە ژێر داروپەردووی کەلاوەکان.
شایەتحاڵانیش باس لەوە دەکەن کە ئەو ناوچەی هێرشەکەی کراوەتە سەر نزیکەی ٢٠ سەربازی لێبوون.