Zana Natık Kerem
04 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2017
قاهیرە ــ AA
سەرۆكوەزیرانی پێشووتری میسر، ئەحمەد شەفیق رەتیکردەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكەیەوە رفێنرابێت و رایگەیاند، هێشتا سوورە لەسەر خۆكاندیدكردن بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ساڵی ٢٠١٨.
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا لەگەڵ تۆڕی تەلەڤیزیۆنی دریم (Dream)، ئەحمەد شەفیق رایگەیاند كە رۆژی شەممە لە كاتی گەیشتنەوەی لە ئیماراتەوە بۆ قاهیرە، بە باشی پێشوازی لێكراوە.
سەرۆكوەزیرانی پێشووی میسر گوتیشی: "نەڕفێنراوم و هەست بە ئازادییەكی تەواو دەكەم".
ئەحمەد شەفیق ئاماژەی بەوەشدا كە لە ئێستادا لە یەكێك لە هوتێلەكانی رۆژهەڵاتی قاهیرە نیشتەجێیە و گوتی: "بە هۆی دواكەوتن لە دەركەوتنی رێگا لە بەردەم بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندەكان خۆشببوو".
سەبارەت بە پرسی خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی میسر بۆ ساڵی ٢٠١٨، ئەحمەد شەفیق گوتی: "پێشتر لە ئیماراتەوە بڕیاری خۆكاندیدكردنم بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی سەرۆكایەتی میسر، راگەیاندبوو، گەڕانەوەم بۆ میسر، سووربوونم لە بڕیاری خۆكاندیدكردنم هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی، دووپات دەكاتەوە".
سەبارەت بە دەنگۆی دەستبەسەرکردنی لە لایەن بەرپرسانی ئیماراتەوە بەر لەوەی بگەڕێتەوە قاهیرە، ئەحمەد شەفیق روونی كردەوە كە خۆی و خێزانەکەی زۆر بە باشی لە لایەن ئیماراتییەكانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە.
دوێنێ یەكشەممە پارێزەری سەرۆكوەزیرانی پێشووی میسر، دینا عادل حوسێن رایگەیاندبوو كە ئەحمەد شەفیق لە رۆژی شەممەی رابردوو گەیشتووەتە شاری قاھیرە، بەڵام تا ئێستا شوێنی ناوبراو نادیارە، هەر بۆیە داوای بینینی ئەحمەد شەفیقی كردبوو.
دینا عادل حوسێن لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردبوویەوە "لە راگەیاندنەكانی میسر چەند ھەواڵێك بڵاوكراونەتەوە كە گوایە ئەحمەد شەفیق گەیشتووەتە قاھیرە و لە ھۆتێلێكی ئەو شارە نیشتەجێ بووە. بەڵام ئەحمەد شەفیق تا ئێستا پەیوەندی بە منەوە نەكردووە و بانگھێشتی نەكردووم بۆ ئەوەی چاوم پێ بكەوێت".