عەبدولفەتاح سیسی و مەسرور بارزانی ھاریکاریی نێوان میسر و ھەرێمی کوردستانیان لە بواری ئابووریدا تاوتوێ کرد
- سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی ژمارەیەک پرسی گرنگیان تاوتوێ کرد لەنێویاندا، ھاریکارییەکانی میسر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق لە بواری ئابووریدا.
Al Qahirah
قاھیرە ــ AA
سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی ھاریکارییەکانی میسر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق لە بواری ئابووریدا، تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی کۆماریی میسر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولفەتاح سیسی پێشوازی کردووە لە مەسرور بارزانی.
ڕاشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا ھەریەک لە سەرۆکی ھەواڵگریی گشتیی میسر، حەسەن ڕەشاد و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم، ڕێبەر ئەحمەد ئامادەی بوون.
باسی لەوەش کردووە لە کۆبوونەوەکەدا، ھاریکاریی میسر لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق لە بواری ئابووریدا، تاوتوێ کراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، عەبدولفەتاح سیسی پەرۆشی میسری نیشانداوە بۆ پتەوکردنی ھاریکارییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق لە بواری ئابووریدا.
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە عەبدولفەتاح سیسی داوای لە حکوومەتی ھەرێم کردووە کە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی سوود لە توانای کۆمپانیا میسرییەکان، وەربگرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی ژمارەیەک پرسی ھەرێمی ئاڵوگۆڕ کردووە و لەبارەیەوە عەبدولفەتاح دیدگای میسری بۆ ڕێگاکانی گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە خستووەتەڕوو.
باسی لەوەش کردووە کە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆماری میسر پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپات کردووەتەوە و ڕاشیگەیاندووە کە میسر پاڵپشتی لە عێراق دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا، پێزانینی حکوومەتی ھەرێمی دەربڕیوە بۆ ڕۆڵی میسر لە پاڵپشتیکردنی عێراق و گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و ڕایگەیاندووە، حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و ھاریکارییەکانی لەگەڵ دامەزراوەکانی میسر.
