Azad Mohammed Abdulla
23 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2018
دهۆک - AA
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، (ENKS)، ئیبراهیم برۆ رایگەیاند "کشانەوەى ئەمریکا چاوەڕوانکراوبوو، چونکە بەرژەوەندى ئەمریکا لە سووریا کۆتایی هاتووە".
ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ بۆ سووریا گرنگى تایبەتى هەیە و سەقامگیرى ناوچەکە بە گشتى دەهێنێتە ئاراوە، تورکیاش ئەمەى قبووڵە، چونکە چەندین ساڵە سووریا بەدەست بوونى دەیان گرووپى چەکدارى دەناڵێنێت".
برۆ گوتیشى: "دۆخى سووریا زۆر ئاڵۆزە، ئەگەر رێککەوتنێک لە نێوان ئەمریکا و تورکیا نەبێت بۆ گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ، پرسى گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ ئەستەمتر دەبێت لە هەمان کاتیشدا پێویستە رێککەوتنێک لەبارەى گۆڕینى ئیدارەى ئێستاى سووریا بێتە ئاراوە، لەبەرئەوەى ئەو ئیدارەیەى ئێستا هەیە، نەیتوانى هیچ گۆڕانکارییەک دروست بکات کە خزمەت بە هەموو پێکهاتەکانى سووریا بکات، کە ئەم هەنگاوانە بە دروستى بە ئامانج گەیشتن، دەبێت سەرلەنوێ پێکەوە کاربکەین بۆ هێنانەدى ئارامى بۆ تەواوى سووریا".
فەرماندەیەکى لەشکرى رۆژ کە نەیویست ناو ئاشکرا بکرێت لەبارەى گەڕانەوەى لەشکرى رۆژ بۆ سووریا لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو ئاشکراى دەکات کە ئەمریکا هەوڵدەدات سەرجەم پێشمەرگەکانى لەشکرى رۆژ بگەڕێنێتەوە سووریا، دەشڵێت "بەهیچ شێوەیەک هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ پەیەدە/پەکەکە ئەنجام نادەین، ئەوەى تا ئێستا رێگربووە لە هەوڵ ى ئێمە لە سووریا تەنها و تەنها پەیەدە/پەکەکە بووە، ئەگینا پێش چەند ساڵە دەگەڕاینەوە بۆ سووریا".
لەشکرى رۆژ باڵى سەربازى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا (ENKS)ەیە لە بەروارى ١٢ ئادارى ساڵى ٢٠١٢ لە لایەن هەرێمى کوردستان دامەزرێنرا و لە لایەن فەرماندەیی زێرەڤانییەوە مەشق و راهێنانى سەربازییان پێکراوە و ژمارەیان نزیکەى ١٠ هەزار پێشمەرگە دەبێت و لە رەگەزى نێر و مێ پێکهاتوون، هەمووشیان کوردى سووریان.