Abdullah Shukur
15 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2015
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما داوا لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات کە پاڵپشتی سەربازیی زیاتر پێشکەش بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکەن.
ئۆباما لە دوای تاوتوێکردنی بابەتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش، لەگەڵ وەزیری بەرگری و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.
ئۆباما راشیگەیاند کە ئەوان پێشڕەویان کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی دژی داعش و ھاوکات وڵاتانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەک فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا پاڵپشتی زۆریان لە شەڕی دژی داعش پێشکەش کردووە.
ئۆباما گوتیشی: "پێویستە وڵاتانی دیکە ھەمان شت ئەنجام بدەن. داوام لە وەزیری بەرگری، ئاشتۆن کارتەر کردووە بۆ ئەوەی سەردانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکات و لەگەڵ ھاوپەیمانانمان کار بکات بۆ ئەوەی بەشداری سەربازیی زیاتر لەم شەڕەدا بکەن" .
راشیگەیاند کە بەمەبەستی کۆتاییھێنانی شەڕی نێوخۆی سووریا، بەیانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیری سەردانی رووسیا دەکات و لەبارەی قۆناغی جنێڤ کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.
ئۆباما ئاشکراشی کرد کە لە دوای ھێرشە تیرۆریستییەکەی پاریس و سان بێرناریدتۆ ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش زیادیکردووە و تا ئێستاش نۆ ھەزار ھێرش بۆ سەر داعش ئەنجامدراوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە داعش لەم دواییەدا ھێزی خۆی لەدەستداوە و لە ھاوینی رابردووش ئەم رێکخراوە ھیچ ھێرشێکی سەرکەوتوو نەبووە.
ئۆباما جەختیشی لەوە کردەوە کە ھێزەکانی کوردی، عەرەب، تورکمان و کریستانیەکان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا سەرکەوتوو بوونەوە و بە شێکی زۆری ناوچەی نزیک سنووری تورکیایان لەو رێکخراوە پاک کردووەتەوە.