Heman Hussein Yaseen
07 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2024
هەولێر - AA
دوای هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، بە مەبەستی چۆنیەتی شێوازی بەشدارییکردنی پێکهاتەکان و دابینکردنی مافەکانییان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژكاریی کرد کە تیاییدا ژمارەیەک لە نوێنەری پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێم بەشداربوون.
دوای کۆبوونەوەکەش، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف، تیشکی خستەسەر ئامانجی کۆبوونەوەکە و ڕایگەیاند کە هەموو هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بە زووترین کات کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بە بەشداری لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان پێکبهێنرێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف گوتی: "ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیە دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەم کۆبوونەوەیە نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بەشداربوون کە تیاییدا چەند تەوەرێک خرایەڕوو، لەوانەش هەموو هاوڕابوون لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بە بەشداری لایەنەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کە ئەمە خواستی هەموو لایەکە".
ئایدن مەعروف جەختی لەوەشکردەوە کە لە کابینەی نۆیەم پاڵپشتی زۆر بۆ مافی پێکهاتەکان و پێکەوەژیان هەبووە و داوایشی کرد کە لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بە هەمانشێوە گرنگی بە مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بدرێت و گوتیشی: "داوامان وایە کە نوێنەرانی پێکهاتەکان بەشداربن لە حکوومەتی نوێ هاوشێوەی کابینەکانی پێشتر، بێگومان لە کابینەی نۆیەم زیاتر گرنگی بە ڕەوشی پێکهاتەکان دراوە و پاڵپشتیییەکی زۆر بۆ ئەم بابەتە هەبووە کە ئەمە بووەتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نەتەوەکان لە هەرێم".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکە لەسەر چەند خاڵێک هەڵوەستەمان کرد، لەوانە داواکاربووین کە لە خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسی پێکهاتەکان بکرێت و بۆ ١٥ کورسی بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی بەشدارییان هەبێت چونکە لە ڕابردوودا تەنیا پێکهاتەی نەتەوەیی نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان هەبوو".
ناوبراو بە پێویستیشی زانی کە گرنگی زۆر بدرێت بە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ ی پەرلەمانی کوردستان-عێراق کە تایبەتە بە پاراستنی ڕەوشی پێکهاتەکان و پێیوابوو دەبێت ئەم یاساییە بەشێوەیەکی کردەیی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، هەروەها داوایشی کرد کە پێکهاتەکان مافی ڤیتۆیان هەبێت، هاوکات لە بڕیار و گۆڕانکارییەکاندا ڕاوێژیان پێ بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف تیشکی خستەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی کە بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت و گوتی: "سەرژمێریی پرسێکی گرنگە، بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە لە داهاتوودا بکرێتە پرسێکی سیاسیی کە ئەمە لێکەوتەی خراپی دەبێت، ئێمە لە چەندین کۆبوونەوە بەشداربووین گلەییەکان ئەوە بوو کە لە فۆڕمی سەرژمێرییدا بابەتی نەتەوە دیاریی کراوە، دواتر ئەم بڕگەیە هەڵگیرا کە ئێمە پێمان باش بوو چونکە لە ئێستادا ئەم بابەتە پێویست نیە".