Heman Hussein Yaseen
17 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شوان محەمەد تەها دەڵێت، سووتاندنی بارەگای حزبەکەیان جێگەی قبووڵکردن نییە و سکاڵا لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی تۆمار دەکەن.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە لێدوانێکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھۆشیار زێباری لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە نزیک لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەختی عێراق خۆپیشاندانیان سازکرد، دوای سووتاندنی ئاڵای کوردستان و وێنەی هۆشیار زێباری، ھەڵیانکوتایە سەر بارەگاکە و سووتاندیان و ئاڵای حەشدی شەعبییان لەسەر بارەگاکە بەرکردەوە.
لەمبارەیەوە، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شوان محەمەد تەھا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش دوو رۆژ پەیوەندیمان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا کردووە و، دوێنێش ھێزێکیان ناردبوو کە پێیان دەگوترێت ھێزی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی و ئەو ھێزە لە دەوروبەری لقی پێنج جێگری کران، بەڵام ئەمڕۆ بەیانی ھیچ بەرپەرچدانەوەیەکیان بەرامبەر ھێرشبەران و گێرەشێوێنان نەبوو و، دەرگایان بۆ کردنەوە و بە شێوەیەکی زۆر ئاسان و بە لێشاو رژانە سەر بارەگای لقی پێنج و سووتاندیان".
بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شوان محەمەد تەھا ئەوەیشی خستەڕوو کە پێشتر ئامادەکاری خۆیان کردبوو بۆ ھەر ئەگەرێک و گوتیشی: "ئێمە پێشتر ئامادەکاری خۆمان کردبوو لە ھەڕەشەکە و دەمانزانی گێرەشێوێنان نیازیان چییە و بۆ چ مەبەستێک دێن".
شوان محەمەد تەها گوتیشی: "سکاڵا لەسەر حکوومەتی فیدڕاڵی تۆمار دەکەین".