سەرۆكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان ئاری هەرسین رایدەگەیەنێت "عێراق وەكو مردوویەك ماوە بەس ناشتنی مابێت"، دەشڵێت گرتنەوەی مووسڵ كارێكی وا ئاسان نابێت و پاڵپشتیی قسەكانی نێچیرڤان بارزانی دەكات كە گوتبووی ساڵێكی دەوێت. ئاری هەرسین لە لێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵو دەڵێت "پێشمەرگە هەزار و 390 شەهید و هەشت هەزار برینداری لەشەڕی داعش هەیە".
ئاری هەرسین پێی وایە عێراق وەكو یەكەیەكی ئیداری حكوومی دەوڵەتی نەماوە و رەتی دەكاتەوە وەزارەتی پێشمەرگە بازرگانیی بەچەكەكانی ئەڵمانیاوە بكات.
سەرۆكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیییانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان ئاری هەرسین لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی گرتنەوەی مووسڵ و دەرهێنانی لەچنگی چەكدارانی داعش كە پێش ماوەیەك سەرۆكوەزیرانی هەرێم نێچیرڤان بارزانی گرتنەوەكەی تا ساڵێكی تر بە زەحمەت بینی و دواتر وەزیری بەرگریی عێراق خالد ئەلعوبەیدی باسی لەوەكرد لەناوەڕاستی ئەمساڵ ئەو كارە دەست پێدەكات دەڵێت "بە بۆچوونی من ئەو قسەیەی سەرۆكی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر واقیعیانەترە، لەبەر ئەوەی گرتنەوەی مووسڵ گرتنەوەی شوێنی تر نییە، زۆر قورستر دەبێت، چونكە ئەگەر لە رەقەوە بێت بۆ تەلەعفەر و پاشان بۆ مووسڵ ئەوە زۆر قورس دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو سێ شوێنە سێ شوێنی سەرەكیی داعشن، راستە پایتەختی سەرەكی داعش لە رقەیە، بەڵام پایتەختی واجیهە مووسڵە، بۆیە گرتنەوەی مووسڵ وا ئاسان نییە".
گوتیشی "باوەڕناكەم رزگاركردنی مووسڵ بەمزوانە هەنگاوی بۆ بنرێت وەك ئەوەی وەزیری بەرگریی عێراق گوتوویەتی، چونكە یەكەم ئەو كارە ئامادەسازییەكی زۆری دەوێت، هەروەها دەبێت لە پێشدا گڵوپی سەوزی ئەمریكییەكان وەرگیرابێت، چونكە بەبێ پاڵپشتی ئاسمانی و هاوكاریی هێزە تایبەتەكانی هاوپەیمانان گرتنەوەی مووسڵ كارێكی قورسە".
هەرسین لەبارەی ئەو هەواڵانانەی باس لە ئەگەری جێگیركردنی هێزێكی ئەمریكا لە دووزخورماتوو بۆ رێگری كردن لە بەریەك كەوتنی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هەروەها بۆ پاراستنی گیانی ئەو بیانییانەی سەرپەرشتی ئەو خەندەقە دەكەن كە ماوەیەكە لەو ناوچەیە دەست بە لێدانی دەكرێت و بە جیاكردنەوەی سنووری هەرێمی كوردستان ناودەبرێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "من نەمزانیوە هێزێكی ئەمریكی بگاتە دووزخورماتوو، ئەگەر شتی واش بێت پێشبینی دەكەم ئەمریكییەكان خەریكی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی خۆیانن لەگەڵ بەغدا و ئەو كارە لە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و بە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەبێت".
سەبارەت بە لێدانی خەندەق كە ئێستا سەرباری ئەو خەندەقەی هەرێمی كوردستان سەرقاڵییەتی، لە سنووری نێوان پارێزگای ئەنباری سونی و كەربەلای شیعیش كارێكی وا دەكرێت ناوبراو گوتی "ئێستا عێراق وەكو یەكەیەكی ئیداری حكوومی دەوڵەتی نەماوە، بۆیە لێدانی ئەو خەندەقانە هەنگاون بۆ پاراستنی سنووری خۆت، لەكەربەلاوە دەكرێت و ئێمە دەیكەین، رەنگە سوننەكانیش بیكەن، ئێستا عێراق خۆی جیابووەتەوە، وەكو مردوویەك وایە بەس ناشتنی مابێت، دەوڵەتی عێراق یەكپارچەیی نەماوە بەس راناگەیەنرێت".
سەرۆكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیییانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان ئاری هەرسین لە درێژەی قسەكانیدا ئەو راپۆرتانەی رەتكردەوە كە وەزارەتی پێشمەرگە بازرگانی بەو چەكانەوە بكات كە ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت وەكو چەند راپۆرتێكی رۆژنامەوانیی باسیان لێوەكردبوو.
لەوبارەیەوە ئاری هەرسین دەڵێت "ئەڵمانیا لە چەكی M4 عەیاری 567 ئەدات بە ئێمە تا چەكی جۆریG36 و چەكی میلانیش، من دەپرسم كێ چەكی میلانی بینیوە لە بازاڕ بفرۆشرێت، ئەوەی بڵێی وەزارەتی پێشمەرگە بەدزییەوە لەگەڵ بازارگانانی چەك خەریكی فرۆشتنی چەك بێت بەهیچ شێوەیەك راست نیین".
لەكۆتایی قسەكانیدا سەرۆكی لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئاژانسی ئاناۆدڵو دوایین ژمارەی قوربانییان و بریندارانی پێشمەرگە لەشەڕی دژ بە داعش ئاشكراكرد و گوتی" نزیكەی هەزار و 390 شەهیدمان هەیە، بریندارەكانیش نزیكەی هەشت هەزار كەس دەبن، ناردنە دەرەوەی بریندارەكانیش بۆ دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەپێی پێویستییان دەبێت، ئەوان هەندێكیان نێردراونەتە دەرەوە و هەندێكی تریشیان چاوەڕوانی ناردنە دەرەوەن".
news_share_descriptionsubscription_contact

