بەغدا
رەوشی ئەمنی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەجۆرێک تێکچووە، خەڵک و سیاسییەکان مەترسی داڕمانی تەواوەتی ئەو تۆزە ئارامییەیان ھەیە کە زوو زوو بە تەقینەوەیەک دەشێوێ.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دانیشتوانی (گەڕەکی عامل) لە رۆژئاوای بەغدا، بەکۆمەڵ تەرمی قوربانییەکانیان بەڕێکرد بۆ سەر قەبران کە دوێنێ لەئاکامی تەقینەوەی ئوتۆمبیلێک ژمارەیەکی زۆریان لێکوژرا.
ژنەکان بەدەم قاوقیژو لەخۆدانەوە ماڵاواییان لە تەرمی کەسوکاریان دەکرد، بەشێکیش لە دانیشتوانی گەڕەکەکە پارچە ئاسن و شوشەی شکاو تەقینەوەکەیان کۆدەکردەوەو دەیانکردە کامیۆنی خۆڵڕێژەوە.
بەگوێرەی قسەی کاربەدەستانی ھێزە ئاسایشپارێزەکانی عێراق، لە تەقینەوەکانی دوێنێدا زیاتر لە ٥٠ کەس لەناوچە جیاجیاکانی شاری بەغدا کوژراون و دەیانی دیکە بریندار بوون.
حامید موتلەگ ئەندامی لیژنەی ئاسایش وبەرگریی لەپەرلەمانی عێراق بەپەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتووە " خراپ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و لاوازی ئەدای دەزگا ئاسایشپارێزەکان لەگەڵ ناکۆکییە سیاسییەکان وایکردووە و دەستتێوەردانی دەرەکی و گەندەڵی پەرەبسێنێ رەوشی ئەمنی لەداڕمان نزیکبێتەوە".
موتلەگ بەرپرسیارێتی ئەوەیشی بەپلەی یەکەم خستە ئەستۆی (نوری مالیکی) سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی ھیزەچەکدارەکان.
حامید گوتی " دەزگا ئەمنییەکان دوای ھەر پەلامارێک، پەنا دەبەنە بەر تۆڵەسەندنەوە لە خەڵک، پێویستە لێپێچینەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران بکرێ و ئەگەر پیویستیش بکات لە پۆستەکەی دوورخرێتەوە".
ئەیمەن محەمەد ٣٧ساڵان وماڵی لەباشووری بەغدایە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتووە " خراپی رەوشی ئەمنی ئیستا، شەڕی تایفی ساڵانی ٢٠٠٦ و٢٠٠٧ ی بیرخستینەوە، ئەوکات ژمارەی قوربانیان زۆربوو. بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی سەرۆکوەزیرانە دەرکروتووە ئامێری ئاشکراکردنی تەقەمەنی بێ کەڵکن، پێویستە عێراقییەکان سەرۆکوەزیران و سەرجەم فەرماندە ئەمنیفەکان بگۆڕن .