سلێمانی
دوای ڕۆژێک لەدەستپێکردنی ھەڵمەتی پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لایەنە جیاجیاکان داوا دەکەن ھەموو لایەنەکان کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەکەو دوورکەوتنەوە لەگرژی و ئاڵۆزی بکەن.
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان (عیماد ئەحمەد)ئەمڕۆ پێنجشەممە لەشاری سلێمانی لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی"لەم پڕۆسەیەدا دەبێ حکومەت بێلایەن بێ و زەمینە بۆ کۆمیسیۆن خۆش بکات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو، ھەموو لایەنەکانیش بەشدارییمان لەگەڵ بکەن تاوەکو ئەم ھەڵبژاردنە بکەینە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ھەمووان".
لەلایەکی دیکەئەمڕۆ ١٠ حزب و لایەنی سیاسی بەشداریی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، لەبارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسلێمانی کۆبونەوەیەکی تایبەتییان ئەنجامدا، دواتر ئاماژەیان بەوەکرد ھەوڵی سەرخستنی پڕۆسەکە دەدەن و جەختییان کردۆتەوە لەسەر دورکەوتنەوەی لایەنەکان لەنانەوەی گرژیی و ئاڵۆزیی.
ھەروەھا راگەیەنرا ژوورێکی (عەمەلیات) دروست دەکەن و تاکۆتایی پرۆسەکە کارەکانی بەجێ دەھێنێ.
لەماوەی ھەڵمەتی بانگەشەی دوو ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراقدا، شارەکانی ھەرێم بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی کێبڕکێی سەختی لایەنەکانی بەخۆوە بینی.