Hemin Hüseyin
14 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
ھەولێر - AA
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت کار بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی کارەساتەکە دەکەن و ئەوەی لەدەستییان بێت وەکو حکوومەت دەیکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی.
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی بەسەردانێک گەیشتنە قەزای دەربەندیخان کە بەھۆی بوومەلەرزەکەی شەوی یەک شەم لەسەر دووشەممەی رابردوو زیانێکی زۆر گەیشتنە ناوچەکە و چوار کەس لەو قەزایە گیانییان لەدەست دا و پاشان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان و قەزای دەربەندیخان کۆبوونەوە.
پاش گەیشتنییان و بەسەر کردنەوەی بەشێک لە زیانەکانی ئەو بومەلەرزەیەی بە پلەی ٧,٢ لە قەزای دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی دا نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "بوودجەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە تەرخانکراوە".
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەی نێچیرڤان بارزانی لە دەربەندیخان بۆی سازکرابوو، سەرەتا سوپاسی سەرجەم یەکە کارگێڕییەکانی ناوچەکە لەگەرمیان و دەربەندیخان و ھەڵەبجە و سلێمانی کرد و گوتی کارەکانییان بەدڵسۆزییەوە ئەنجامداوە.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "بوودجەیەکمان بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانکردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە".
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ئەوەیە بەنداوی دەربەندیخان جێگای مەترسی نییە و مەترسی داڕمانی نییە، ھەروەھا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا رێکەوتووین بۆ ئەوەی لیژنەیەک بنێرن بۆ پشکنین و یارمەتیدەر بن لە زانینی زیانەکان و حاڵەتی بەنداوەکە و نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە".
ھاوکات سەرەخۆشی خۆشی بۆ قوربانییانی کارەساتی بومەلەرزەکە لە ئێران نارد و ھاوخەمیی حکوومەتی ھەرێمی بۆ ئەو قوربانییانە و زەرەرمەندانی بومەلەرزەکە دەربڕی.
سەبارەت بە تەرخانکردنی بوودجەش بۆ ئەو کارەساتە گوتی: "بەدوو شێوە کاردەکەین، بوودجەیەک دەخەینە بەردەستی یەکە ئیدارییەکان بۆ ئەوەی بە پەلە ئەو کێشانەی ھەن چارەسەر بکەن، ھەروەھا داوامان لەوان کردووە بۆ ئەوەی زیانەکانی ئەو بومەلەرزەیە بخەمڵێنن بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین و بەدڵنیاییەوە ئەوەی پێمان بکرێت وەکو حکوومەتی ھەرێم و لەدەستمان بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زەرەرمەند دەیکەین".
لەو سەردانەیدا بۆ قەزای دەربەندیخان و ناوچەی گەرمیان ھەریەک لە جێگری سەرۆکی حکوومەت قوباد تاڵەبانی، وەزیری ناوخۆ کەریم شنگالی، وەزیری تەندروستی رێکەوت حەمەرەشید، وەزیری شارەوانی نەورۆز مەولوود، وەزیری پەروەردە پشتیوان سادق، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو عەبدولستار مەجید یاوەری بارزانی بوون.
شەوی یەکشەممە بوومەلەرزەیەکی بەھێز ھەرێمی کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکەی ھەژاند، زۆرترین زیانیش لە ھەرێمی کوردستان بەر قەزای دەربەندیخان کەوت کە جگە لە گیان لەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە، بەدەیان خانوو زیانی زۆریان پێگەیشت.
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان بوومەلەرزەکە ٧.٢پلەی رێختەر بووە.
لەھەرێمی کوردستان بەھۆی بوومەلەرزەکەوە ٦ کەس گیانییان لەدەستدا و ژمارەیەک ھاووڵاتیش بەھۆی ترسان و برینداربوونەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کران.