Selen Temizer
28 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2022
برۆکسڵ - AA
یەکێتیی ئەورووپا هێرشەکەی رووسیای بۆ سەر بازاڕگایەک لە شارى کرێمەنچوک-ى ئۆکراینا شەرمەزار کرد.
لەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێل بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە یەکێتیی ئەورووپا بە توندترین شێوە هێرشەکەی شەرمەزار کردووە.
بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی لە کاتی هێرشەکەدا سەدان هاووڵاتی مەدەنی لە بازاڕگاکەدا بوون، گوتی: "ئەمە یەکێکە لەو کردەوە قێزەونانەی لەنێو زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رووسیاوە ئەنجام دەدرێت، لەوانە هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییە بۆ سەر باڵەخانە و ژێرخانی مەدەنی لە کیێڤ و ناوچەکانی دیکە. بۆردومانکردنی بەردەوامی خەڵکی مەدەنی قبوڵنەکراو نییە و دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە. هەموو بەرپرسیارێتییەک لەم کردەوە شەڕانگێزانە و هەموو ئەو وێرانکاری و کوشتارییە لە ئەستۆی رووسیایە".
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام دەبێت لە هاوکارییە مرۆیی و ئابووری و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ ئۆکراینا.
دوێنێ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاندبوو کە هێزەکانی رووسیا لە شاری کرێمەنچوک لە ناوچەی پۆڵتاڤا بازاڕگایەکیان بۆردوومان کردووە کە زیاتر لە هەزار کەسی مەدەنی تێدابووە. لە ئەنجامدا ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٤٠ی دیکەش برینداربوون.