Ömer Tuğrul Çam
25 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2021
بڕۆکسل - AA
یەکێتیی ئەورووپا ئیدانەی داگرتنی فڕۆکەیەکی سەربە هێڵی ئاسمانیی ریانئێر بەهۆی دەنگۆی بوونی بۆمب تیایدا بۆ بیلارووس و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێکی ئۆپۆزسیۆنی بیلارووس لە فڕۆکەکەدا کرد و سزای نوێی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند و بڕیاریدا کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئەو وڵاتە کایەی ئاسمانیی یەکێتیی ئەورووپا بەکارنەهێنن.
لە کاتێکدا لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە بڕۆکسل بەردەوامە، بەرپرسانی یەکێتییەکە بەشێکی ئەو بەیاننامەیان بڵاوکردەوە کە سەرکردەکان لەبارەی بیلارووس لەسەری رێککەوتوون.
بەپێی ئەوەیش ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا کە سەرکردەکان پێکیانهێناوە، ئیدانەی بەزۆر داگرتنی ئەو فڕۆکە نەفەرهەڵگرەیان کرد کە دوێنێ لە میانی گەشتی نێوان ئەسینا-ڤیلنیوس بەهۆی هەواڵی بوونی بۆمب تیایدا لە مینسک-ی پایتەختی بیلارووس ناچار بە نیشتنەوە کرا و داوای کرد دەستبەجێ رۆژنامەنووسی ئۆپۆزسیۆن، رامان پراتاسیڤیچ و خوشکەکەی کە لەنێو سەرنشینەکاندا بوون و دەستگیرکراون، ئازاد بکرێن.
سەرکردەکان رووداوەکەیان بەبێ هاوتا و ناپەسەند ناوزەند کرد و داوایان کرد دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەو بارەیەوە دەست پێ بکات.
لە بەیاننامەی سەرکردەکاندا داوا کراوە سزای نوێ بەسەر بەرپرسانی بیلارووس و هێڵی ئاسمانیی ئەو وڵاتەدا بسەپێندرێت و ئەو هێڵە ئاسمانییانەی لە یەکێتیی ئەورووپا دامەزراون بەسەر بیلارووسدا گەشت نەکەن.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا داواکراوە کایەی ئاسمانیی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیی بیلارووس قەدەغە بکرێت و رێگری بکرێت لە گەیشتنی فڕۆکەی ئەو کۆمپانیایانە بە فڕۆکەخانەکانی یەکێتیی ئەورووپا.