Mustafa Deveci
25 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2021
قودس- AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئاگربەستی غەززە گەشتێکی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد و لە میانی گەشتەکەیدا سەردانی تەل ئەبیب-ی کرد.
ئەنتۆنی بلینکن لە کاتی گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی بەن گوریۆن لەلایەن هاوتا ئیسرائیلییەکەی، گابی ئاشکەنازی پێشوازی لێکرا.
بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی گەشتەکەیدا دەربارەی رەوشی ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە لێقەوماوانی کەرتی غەززە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، فەڵەستین، میسر و ئوردن بکات.
لەو چوارچێوەیەشدا، ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئاشکەنازی و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو، دەچێتە شاری رامەڵڵا و لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس و سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین، محەمەد ئیشتییە کۆدەبێتەوە.
وێستگەکانی دواتری گەشتەکەی ئەنتۆنی بلینکن، میسر و ئوردن دەبن.
- رووداوەکانی قودس و کەرتی غەززە
گرژییەکان لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە بەھۆی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر گەڕەکی شێخ جەڕاح و مزگەوتی ئەقسا بەردەوامن و رۆژی حەوتی ئایار بەھۆی بەکارھێنانی گوللەی پلاستیکی و بۆمبی دەنگی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، گرژییەکان ھەڵکشانیان بەخۆوەبینی.
گرووپە شۆڕشگێڕە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە، تا کاتژمیر شەشی ئێوارەی ١٠ی ئایار مۆڵەتیان دابووە ھێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی لە مزگەوتی ئەقسا و گەڕەکی شێخ جەڕاح بکشێنەوە.
بەھۆی نەکشانەوەی ھێزەکانی ئیسرائیل، گرووپە فەڵەستینییەکان ژمارەیەکی زۆر مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
دواتر سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی چڕی بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامدا.