Zein Khalil
02 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2025
قودس ــ AA
وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل، یۆواڤ گالانت دەستلەکارکێشانەوەی لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) پێشکەش کرد و ھاوکات وازھێنانی خۆی لە سیاسەت، بەشێوەیەکی کاتی ڕاگەیاند.
ئەمەش دوای ئەوە دێت دوو مانگ لەومەبەر یۆواڤ گالانت بەھۆی ناکۆکییەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بینامین ناتانیاھو لە پۆستەکەی دووخرایەوە.
یۆواڤ گالانت لە گوتارێکی تەلەڤيزیۆنییدا، ڕایگەیاند کە بەنووسراوێک، دەستلەکارکێشانەوەی لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) پێشکەش کردووە، ھەروەھا بەشێوەیەکی کاتی وازی لە سیاسەت، ھێناوە.
گوتیشی: "لە خزمەتی گشتیدا، ساتێک ھەیە کە دەبێت لەسەری بوەستین، بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانجە خوازراوەکانمان".
ھەرچەندە یۆواڤ گالانت باسی لە ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی لە پەرلەمانی ئیسرائیل نەکرد، بەڵام ڕەخنەی توندی لە بنیامین ناتانیاھو و حکوومەتەکەی گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە ھەوڵدەدات لە ڕێگای پەرلەمانەوە، ئەو یاسایانە دەربکات کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سوپا ناگونجێن.
ناوبراو باسی لە ڕەشنووسی یاسای بەخشینی جوولەکە توندئاژۆکان (حەریدیم) لە خزمەتی سەربازی کرد و گوتی: " من وەک وەزیری بەرگریی لە کاتی شەڕێکی سەخت و درێژخایەندا تێگەیشتم کە پرسی دامەزراندنی حەریدیم بۆ ناو سوپا، تەنھا پرسێکی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو پێش ھەموو شتێک لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە، پێویستە".
ھەورەھا ڕاشیگەیاند: "بەردەوام ھەوڵو دابوو، بەھەمووان بە یەکسانی لەناو سوپایدا دابمەزرێندرێن، بەڵام بەھۆی ھەڵویستی خۆمەوە لەبارەی (ڕەتکردنەوەی ڕەشنووسی یاسای بەخشینی حەریدیەکان لە خزمەتی سەربازی) لە ٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤دا لە پۆستی وەزيری بەرگریی ئیسرائیل دوورخرامەوە".
یۆواڤ گالانت لە میانی گوتارەکەیدا باسی لەو "دەستکەوتانە"، کرد کە لە ماوەی پۆستی وەزیری بەرگریییش لە ساڵی ٢٠٢٢وە، تا ڕۆژی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی بەدەستی ھێناوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە یەکێک لەو دەستکەوتانەی کە بەدەستھێناوە، لەناوبردنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسە و گوتی: "چی دیکە حەماس وەک ڕێکخراوێکی سەربازیی ناتوانێت چالاکی ئەنجام بدات".
ئاماژەی بەوەشدا: "دامەزراوە ئەمنییەکان، بە سەرکردایەتیی من، دۆخی گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی شەڕی غەززەیان ڕەخساندووە کە گرنگترینیان گەڕاندنەوەی ڕفێنراوەکانە (بەدیلگیراوە ئیسرائیلییەکان لە غەززە)، ئەمەش ئەرکێکی ئەخلاقییە، و بەبێ تەواوبوونی ھیچ سەرکەوتنێک نابێت".