Zana Natık Kerem
05 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
سندوقی ھاریکاریکردنی منداڵان سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف) رایگەیاند کە لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، ٥١٩ منداڵ لە عێراق لە ئاکامی تەقینەوەی مین و پاشماوە جەنگییەکان کوژراون و برینداربوون.
یونیسێف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەی داوە کە لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، ٥١٩ منداڵ لە عێراق لە ئاکامی تەقینەوەی مین و پاشماوە جەنگییەکان کوژراون و برینداربوون کە ٨٠ لەسەدای ئەو ژمارەیە لە رەگەزی نێرن.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی گرنگە، ھاووڵاتییان لەو ناوچانەی عێراق دوور بکەنەوە کە لە رووی چاندنی مینەوە مەترسیدارن و ھاتووە "ھانی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق دەدەین کە ھەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە، بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی کە مین تیایاندا چێنراوە، تا ژینگەیەکی ئارام بۆ منداڵان لە عێراق دەستەبەر بکرێت".
ھێشتا ژمارەیەکی زۆر مین و بۆمب لە ناوچەکانی باکوور و باشووری عێراق بەچێنراوی مانەتەوە بە تایبەتیش لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک کە زۆربەیان بۆ سەردەمی جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق-ئێران دەگەڕێتەوە.