Hamdi Yıldız
05 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2022
بەغدا - AA
ژووری بازرگانی بەغدا رایگەیاند لە پایتەخت ئامادەی هاریکارین لەگەڵ بازرگانان و وەبەرهێنانی تورکیادا.
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، عەلی رزا گونەی سەردانی سەرۆکی ژووری بازرگانی بەغدا، فیراس حەمەدانی کرد.
بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن ژووری بازرگانی بەغداوە بڵاوکراوەتەوە، لەو دیدارەدا باس لە بوارەکانی ئابووریی هاوبەش، بازرگانیی و وەبەرهێنان کراوە، لەگەڵ ئاسانکاریکردن لە کاری بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و بەرەوپێش بردنیدا.
لای خۆیەوە، فیراس حەمەدانی ئاماژەی بەوە کردووە ئەو بازرگانانەی تورکیا کە خوازیاری کارن لە بەغدا ڤیزەیان پێ دەدەن و پشتیوانیان دەکەن لە هەموو بوارەکانی بازرگانیدا، بەتایبەتی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان.
باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا باسی لەوە کرد کە پلانی سازکردنی کۆنفرانسێکیان داناوە لەگەڵ ژووری بازرگانی و رێککەوتن هاوبەش ئەنجام دەدەن، ئەوەشی خستەڕوو کە کەرتی تایبەت دەورێکی گەورە دەگێڕن لە پێشخستنی ئابووریی هەردوو وڵات.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە ٢١ ملیار دۆلار.