Şerife Çetin
06 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2024
نیویۆرک - AA
سندوقی یارمەتی منداڵانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF)، بڵاویکردەوە کە لە کۆی ١٠ منداڵ لە غەززە نۆیان ڕووبەڕووی کەمی خۆراک بوونەتەوە و، بەدخۆراکی مەترسیی لە سەر ژیانیان زیاد کردووە.
یونسێف ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە "برسێتی و کەمی خۆراک بۆ منداڵان" بڵاوکردەوە.
لە کاتێکدا لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێت کە لە سەرانسەری جیهاندا ١٨١ ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵان ڕووبەڕووی کەمی خۆراک بوونەتەوە بەشێوەیەکی توند، ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێژەی ئەوانەی مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە و مەترسی لاوازی لەڕادەبەدەریان لەسەر زیاترە لە سەدا ٥٠.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە سەدا ٦٥ی ئەو منداڵانە لە ٢٠ وڵاتدا دەژین، ٦٤ ملیۆن منداڵ کە ڕووبەڕووی کەمی خۆراک بوونەتەوە بە شێوەیەکی توند لە ئاسیای باشوورن، ٥٩ ملیۆنیان لە ئەفریقای خوار سەحرا دەژین.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە نیوەی حاڵەتەکان لە خێزانە هەژارەکاندا دەرکەوتووە و، لە هەمان کاتدا ئەو سیستمە خۆراکیانەی ناتوانن بەرهەمی خۆراکی بۆ منداڵان دابین بکەن، هۆکارێکن بۆ ڕوودانی ئەمە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە بەپێی ئەو تابلۆیەی لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە غەززە دروست بووە، لە کۆی ١٠ منداڵی غەززە نۆیان ڕووبەڕووی کەمی توندی خۆراک بوونەتەوە و، بەدخۆراکی مەترسی سەر ژیانیانی زیاد کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەیش کراوە کە دۆخی غەززە بە شێوەیەکە خێزانەکان ناتوانن پێداویستی خۆراکی منداڵەکانیان دابین بکەن و، ئەو دۆخەش دەرەنجامی مەترسییداری بۆ منداڵان دروست کردووە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە حکوومەتەکان کراوە هەنگاو بنێن بۆ ڕێگریی کردن لە کەمی خۆراک بۆ منداڵان.